له‌ سوریا بۆردومان و شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامه‌

له‌ سوریا بۆردومان و شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامه‌
به‌پێی گوته‌ی چالاكوانانی سوریا له‌ ئاكامی بۆردومانكردنی قوتابخانه‌یه‌ك و پاسێك له‌ دیمه‌شق به‌ گوله‌ هاوه‌ن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێمی سوریاوه‌ ژماره‌یه‌ك هاوولاتی كه‌ زۆربه‌یان منداڵن كوژران له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی سوریاش شه‌رو پێكدادانه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ .

به‌پێی گوته‌ی چالاكوانان له‌ ئاكامی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی گوله‌ هاوه‌نێك له‌ گه‌ره‌كی باب تۆما له‌ ناوه‌راستی دیمه‌شق 5 منداڵ كوژران ، له‌ قوتابخانه‌یه‌كی ناو شاری دیمه‌شق له‌ گه‌ره‌كی قه‌ساع هه‌ر به‌هۆی بۆردومانكردنی به‌ گوله‌ هاوه‌ن ژماره‌یه‌ك منداڵ كوژران و بریندار بوون .

له‌لای خۆیه‌وه‌ رژێمی سوریا هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی تۆمه‌تباركرد كه‌ گوایه‌ ئه‌وان گوله‌ هاوه‌نیان ئاراسته‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ كردووه‌ . ئاژانسی هه‌واڵی مه‌سار له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی رژێم نزیكه‌ی 33 باڵه‌خانه‌ی له‌ناوچه‌ی زه‌هر مستاح باكووری به‌رزه‌ به‌لده‌ تێكداوه‌ ، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ شه‌رو پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و هێزه‌كانی رژێم له‌ناوچه‌ی به‌رزه‌ دروست بوو به‌هۆیه‌وه‌ 6 سه‌ربازی رژێم كوژران . له‌ شاری حه‌مس به‌هۆی تۆپبارانكردنی ناوچه‌كانی غه‌نتۆ و ته‌لبیسه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری حه‌مس ژماره‌یه‌ك بریندار بوون . له‌ شاری ده‌رعا هێزه‌كانی رژێم به‌ تۆپ و مووشه‌ك گه‌ره‌كی ته‌ریق سه‌دیان بۆردومانكرد و له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌م ناوچه‌یه‌ش شه‌رو پێكدادان روویدا به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ربازانی رژێم كوژران .

له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ ده‌سته‌ی گشتی ئیئتیلافی نیشتیمانی بۆ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ سوریا بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی حكومه‌تێك به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د توعمه‌ و له‌كۆی دوازده‌ وه‌زیر نۆ وه‌زیر دانران و په‌سه‌ندكران ، دوای ئه‌م راگه‌یاندنه‌ش ره‌زامه‌ندی مه‌رجداری خۆی نیشاندا بۆ به‌شداری كردن له‌ كۆنگره‌ی جنێف دوو كه‌ گرنگترینیان بریتی بوو له‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا هیچ رۆڵێكی نه‌بێت له‌ ئاینده‌ی سوریا . هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی گشتی ئیئتیلافی سوریا بریاریدا كه‌ ئیئتیلاف به‌شداری كۆنگره‌ی جنێف بكات له‌ سه‌ر بنه‌مای گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌سته‌یه‌كی ئینتیقالی كه‌ ته‌واوی ده‌سه‌لاتی سه‌رۆكایه‌تی و سه‌ربازی و ئه‌منی هه‌بێت به‌مه‌رجێك به‌شار ئه‌سه‌د و دارو ده‌سته‌كه‌ی كه‌ ده‌ستیان به‌ خوێنی هاوولاتیانی سوریا سووره‌ هیچ رۆلێكیان نه‌بێت له‌ قۆناغی ئینتیقالی و ئاینده‌ی سوریا ، هه‌روه‌ها مه‌رجیان دانا كه‌ یارمه‌تییه‌كانی خاچی سوور و مانگی سور و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هاریكاری به‌رده‌وام بن له‌ یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی لێقه‌وماو و ئازادكردنی به‌ندكراوان به‌تایبه‌تی ئافره‌ت و منداڵ .

هه‌روه‌ها لوئه‌ی سافی گوته‌بێژ به‌ناوی ئیئتیلافی سوریا به‌شداریكردنی ئێرانی له‌ كۆنگره‌ی جنێف دوو ره‌تكرده‌وه‌و گوتی ئێمه‌ ئێران به‌ وڵاتێكی داگیركه‌ری سوریا ده‌زانیین . له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا له‌ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ی جنێف دوو .

جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ .

ولیام هیگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاش خۆشحاڵی خۆی ده‌ربری به‌وه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا رێككه‌وتن له‌ سه‌ر به‌شدار بوون له‌ كۆنگره‌ی جنێف دوو .
Top