ئەردۆغان: یەكێتی ئەوروپا ناحەقی لە توركیا دەكات

 ئەردۆغان: یەكێتی ئەوروپا ناحەقی لە توركیا دەكات
لە چوارچێوەی سەردانی خۆی بۆ فەنلەندیا سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە فۆرمی ئابووری هاوەبەشی توركیا و فەنلەندیا كرد و گوتارێكی پێشكەش كرد و رەخنەی توندی ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا كرد و گوتی: یەكێتی ئەوروپا ناحەقی گەورە دەرحەق بە توركیا دەكات.

لەمبارەیەوە كەناڵی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردن لە فۆرمی ئابووری هاوبەشی نێوان توركیا و فەنلەندیا رایگەیاند كە یەكێتی ئەوروپا بە بیانووی جیاجیا ئاستەنگ دەخاتە بەردەم توركیا بۆیە، توركیا لە هەڵسوكەوتی ئەو یەكێتییە بێزار بووە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە توركیا وڵاتێكە كە بۆ ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەوروپا هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و چاوەڕوانی ئەوەیە كە یەكێتی ئەوروپایش هاوكاری بكات كەچی ئەو یەكێتییە نەتەنیا هاوكاری توركیا ناكات بەڵكو، لە بواری وەرگرتنی فیزای یەكێتییەكە، ناحەقی زۆر دەرحەق بە توركیا و كارساز و پیشەسازە توركەكان دەكرێ.

ئەردۆغان جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە یەكێتی ئەوروپا فیزای خۆی بۆ وڵاتانی ئەمریكای لاتین هەڵگرتووە كە هیچ پەیوەندییەكیان بەو یەكێتییەوە نییە كەچی توركیا كە دەیەوێ ببێتە ئەندامی ئەو یەكێتییە هێشتا دەبێ فیزای ئەوروپا وەربگرێ و زۆربەی جارانیش فیزا بە بیانووی جیاجیا نادرێ بە هاووڵاتییە توركەكان.
Top