حكومەتی توركیا و بەدەپە دەستیان بە چاوپێكەوتنی دوو قوڵی كردووە
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە هاوكات لەگەڵ تێپەڕ بوونی حەفت رۆژ لە سەر مانگرتنی سەرۆك شارەوانی نوسێبین عایشە گۆككان بۆ ئیدانە كردنی دیواری سەر سنور، رۆژ دوای رۆژ چالاكی بۆ پشتگیری كردن لەو مانگرتنە زیاتر دەبن، بۆیە حكومەت لەوە دەترسێ ئەو مانگرتنە بكرێتە مانگرتنێكی سەرانسەری.
حكومەت بۆ ئەوەی پێشی لە مانگرتنێكی سەرانسەری بگرێ، دەستی بە چاوپێكەوتن و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەدەپە و كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك كردووە و دەیەوێ لە رێگای ئەوانەوە عایشە گۆككان رازی بكات تا كۆتایی بەو مانگرتنە بهێنێ.
هەر لە بارەی مانگرتنی عایشە گۆككانەوە جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بولەنت ئارنچ رایگەیاند كە حكومەت پێشتر 1300 مەترە دیواری لە نێوان قامیشلۆ و نوسێبیندا دروست كردووە و ئێستەیش ئەو دیوارەی تەلبەند كردووە و هیچ جۆرە دیوارێكی دیكەی دروست نەكردووە.