گولتەن كشاناك: دەوڵەت دەیەوێ كۆتایی بە مانگرتنی عایشە گۆككان بهێنێ

 گولتەن كشاناك: دەوڵەت دەیەوێ كۆتایی بە مانگرتنی عایشە گۆككان بهێنێ
هاوسەرۆكی بەدەپە گولتەن كشاناك لە میانی كۆبوونەوەی فراكسیونی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا گوتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە حكومەتی توركیا بە شێوازی جیاجیا بەبێ ئەوەی داواكارییەكانی عایشە گۆككان كە زیاتر لە حەفتەیەكە دەستی بە مانگرتن كردووە جێبەجێ بكات، كۆتایی بەو مانگرتنە بهێنێت.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە گولتەن كشاناك رایگەیاندووە كە سەرۆكی شارەوانی نوسێبین عایشە گۆككان بۆ شەرمەزار كردنی ئەو دیوارەی كە لە سەر سنوری نێوان باكووری و رۆژئاوای كوردستاندا دروست دەكرێ دەستی بە مانگرتن كردووە و دەوڵەتی توركیایش بەبێ ئەوەی گوێ بۆ داواكارییەكانی عایشە گۆككان رابگرێ دەیەوێ بە شێوازی جیاجیا عایشە گۆككان ناچار بكات تا كۆتایی بەو مانگرتنە بهێنێت.

گولتەن كشاناك لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی خۆیدا باسی سەربەست كردنی سەرپۆش لە پەرلەمان و دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەتی توركیادا كردووە و رایگەیاندووە كە سەربەست كردنی سەرپۆش دەستكەوتێكی گرنگە بۆ توركیا و دەبێ گەلانی توركیا هەوڵ بدەن حكومەت ناچار بكەن تا گۆڕانكاری زیاتر بكات و سیستەم و یاسا قەدەغەكارەكانی توركیا وەلاوە بنێت.
Top