ئێران: هیچ هێزێكی چەكداری ئێمە لە سوریا بوونی نییە

 ئێران: هیچ هێزێكی چەكداری ئێمە لە سوریا بوونی نییە
دوای لێدوانەكانی پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی ئێران لە بارەی هەبوونی هێزی چەكداری ئێران لە سوریا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی سپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند كە هیچ جۆرە هێزێكی سەربازی ئێران لە سوریا بوونی نییە.

لەمبارەیەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی بڵاویكردەوە كە بەرپرسی پەیوەندییەكانی سپای پاسدارانی ئێران رەمەزان شەریف رایگەیاندووە كە لێدوانەكانی نوێنەری شاری مەشهەد لە پەرلەمانی ئێران لە بارەی هەبوونی هێزی چەكداری ئێران لە سوریا دوورن لە راستی و ئێران بە هیچ شێوەیەك هێزی چەكداری روانەی سوریا نەكردووە.

ئەو بەرپرسەیەی سپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێران بە هیچ شێوەیەك هێزی چەكداری روانەی سوریا نەكردووە بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی گواستنەوەی ئەزموونی بەرگریكردن لە خۆی، ئێران چەندین كەسی بۆ سووریا ناردووە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی سپا جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئێران تەنیا لە رێگای گوتارەوە هەوڵ دەدا ئەزموونی خۆی لە بواری چۆنێتی بەرگریكردن لەخۆی بۆ سوریا بگوازێتەوە و هیچ جۆرە هێزێكی چەكداری روانەی سوریا نەكردووە.
Top