سوریا .. شه‌ڕوپێكدادان به‌رده‌وامه‌ و دوێنێ دووشه‌ممه‌ 30 سه‌ربازى رژێم كوژران

 سوریا .. شه‌ڕوپێكدادان به‌رده‌وامه‌ و دوێنێ دووشه‌ممه‌ 30 سه‌ربازى رژێم كوژران
شه‌ڕوپێكدادانه‌كانی نێوان سوپای رژێم و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و دوێنێ له‌ شاری حه‌له‌بی كۆن 30 سه‌ربازی هێزه‌كانی رژێم كوژران و فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی رژێمیش به‌رده‌وامن له‌ بۆردومانكردنی شارۆچكه‌ی ته‌ل عه‌رن باكووری سه‌فیره‌ و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش دوو ناوچه‌ی گرنگی له‌ چیای شێخیان له‌ نزیك دیمه‌شق كۆنترۆڵ كردووه‌ .

هه‌ر دوێنێ له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو له‌ شارۆچكه‌ی سابتییه‌ 6 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 40 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. به‌پێی هه‌والێكی ئاژانسی مێهری ئێرانیش، سه‌ركرده‌یه‌كی هێزه‌كانی پاسدارانی ئێران له‌ ده‌وروبه‌ری باشووری دیمه‌شق كوژراوه‌ .

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زیری راگه‌یاندنی سوریا عه‌مران زوعبی شه‌وی رابردوو رایگه‌یاند كه‌ به‌شدارى له‌ كۆنگره‌ى ژنێڤ دوودا ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئامانجى كۆنگره‌كه‌ ناچاركردنى به‌شار ئه‌سه‌د بێت بۆ وازهێنان له‌ ده‌سه‌ڵات . راشیگه‌یاند له‌ هه‌موو كاته‌كاندا به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی وڵات ده‌بێت .

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ قه‌دری جه‌میل جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووى رژێم كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی لادرا، رایگه‌یاند كه‌ ده‌یه‌وێت به‌شداریی كۆنگره‌ی ژنێف بكات وه‌ك یه‌كێك له‌ نوێنه‌رانی ئۆپۆزسیۆن .

له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنی له‌ گه‌ڵ رۆژنامه‌ی لۆڤیگارۆی فه‌ره‌نسی له‌ مۆسكۆ، قه‌درى جه‌میل رایگه‌یاند له‌ كاتی دیداری له‌ گه‌ڵ رۆبه‌رت فۆرد باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ سوریا له‌ ژنێف له‌ 26ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك ئۆپۆزسیۆن به‌شداری كۆنگره‌ی ژنێف بكات . به‌لام قه‌دری جه‌میل روونیكرده‌وه‌ كه‌ نه‌یتوانی بالیۆزی ئه‌مه‌ریكا رازی بكات .
Top