لە کەشێکی ئاڵۆزدا مورسی دادگایی دەکرێت
لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی میسر جووڵانەوەکان لە دژی مورسی زیندوو دەکەنەوە و رایدەگەیەنن کە مورسی تاوانی راستەقینەی دژی خەڵکی میسر ئەنجامداوە، پشتیوانانی مورسی سوپا بەوە تاوانبار دەکەن کە پرۆسەی دیموکراسی شێواندووە و سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی بەهێز لەسەر کار لاداوە.
هەر بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دادگایی مورسیدا دووبارە پشتیوانانی مورسی و لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین جارێکی دیکە رژانەوە سەر شەقامەکان و ئیدانەی دادگاییکردنی مورسییان کرد.
لەدوای دەستگیرکردنی مورسی لە ٣ی تەمووزی رابردوو ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی دەبێت، کە لە ساتی دەستگیرکردنیەوە تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی بەدەرەوە نەماوە.
پارێزەری ئیخوانەکان، محەممەد دێماتی پێیوایە ئەم دادگاییکردنە دادپەروەرانە نییە و تەنها دەرەنجامی کودەتای سەربازییە، بۆیە خەڵکی مافی خۆیانە بڕژێنە سەر شەقامەکان.
لایەنگرانی ئیخوان پێیانوایە ئامادەبوونی مورسی لەبەردەم دادگا، هەلێکە بۆ مورسی بۆ ئەوەی پێداگری لەوە بکات کە هێشتا سەرۆکی شەرعی میسرە، چونکە لەوەتەی دەستبەسەرکراوە، هیچ پەیوەندییەکی بەدرەوە نەبووە، تەنانەت رێگەشی پێنەدراوە پارێزەرەکانیش ببینێت.
سەبارەت بە شێوازی دادگاییکردنەکەش، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا چاودێری رەوشی دادگاییکردنەکە دەکەن.
سەیدالدین ئیبراهیم شیکەرەوەی سیاسی لەو بارەوە دەڵێت \"دادگاییکردنەکە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە چاودێری دەکرێت، لەبەرئەوە هەموو شتێک بە ئاشکرا بەڕێوە دەچێت، هەموو جیهان دەتوانێت ئاگاداری پرۆسەکە بێت، ئەگەر هەستکرا دادگاییکردنەکە ئازاد نییە یان دادپەرواەرانە نییە، ئەوا بێگومان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە\"".
بەڵام پشتیوانانی مورسی گرنگی بەوە نادەن ئایا دادگاییکردنەکە دادپەروەرانەیە یان نا، بەڵکو ئەوان خودی دادگاییکردنەکە رەتدەکەنەوە و بە ستەمێکی دەزانن کە لە سەرۆکی شەرعی وڵاتەکەیان کراوە.
رووداو "