داود ئۆغڵو: پەیەدە نوێنەرایەتی هەمووی كورد ناكات

 داود ئۆغڵو: پەیەدە نوێنەرایەتی هەمووی كورد ناكات
وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند كە چاوەڕوانی توركیا لە پەیەدە ئەوەیە كە كۆتایی بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەد بهێنێ.

بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو رایگەیاند: پارتی یەكێتی دیموكراتیك پەیەدە نوێنەرایەتی هەمووی كوردانی سوریا ناكات و گوتی: پەیەدە دەڵێ نوێنەرایەتی هەمووی كوردانی سوریا دەكات، هیچ شتێكی بەوجۆرە نییە، پەیەدە نوێنەرایەتی هەمووی كوردان ناكات.

داود ئۆغڵو گوتی: باشترین رێگای گۆڕینی ئەو بارودۆخەی كە پشتی بە هەڕەشە كردن بەستووە دیموكراتیزە كردنە.

ئەحمەد داود ئۆغڵو باسی پاكێجی دیموكراتیزە كردنی توركیای كرد و گوتی: ئەو پاكێجە ئەوەی سەلماند كە ئەو خاڵانەی كە پێشتر وەكو هەڕەشە دەبینران، هەڕەشە نین بەڵكو جۆرەیەكن لە دەوڵەمەندی توركیا و دەبنە هۆكاری گەورەتر بوونی توركیا. ئەو هەنگاوانە كە دەبوایا پێشتر جێبەجێ بكرابانا، كاتێك كە جێبەجێكران كۆمەڵگە هەستی بەوە كرد كە ئەو هەڕەشانە كە باسیان لێوە كرا چە جۆرە هەڕەشەیەكی بێ واتە بوون.

لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: هەندێ جار كە پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن، لە هەندێ بواردا ئەو پەیوەندییانە رووبەرووی كێشە و ئاستەنگی دەبنەوە و ئەمەیش شتێكی سروشتییە. لە پاڵ گۆڕانكارییەكانی سوریا، لە عێراقیش چەندین گۆڕانكاری روویان داوە بەڵام توركیا بە یەك چاو سەیری هەمووی پێكهاتەكانی عێراقی كردووە بەڵام بەرپرسانی عێراق بە هەڵە لەو هەڵوێستەی توركیا تێگەیشتن. ئێمە وەكو توركیا هیچ كات لە عێراق هانی لایەنێكمان بۆ دژایەتی كردنی لایەنێكی دیكە نەداوە.

داود ئۆغڵو گوتی: ئێمە دەمانەوێ پەیەدەیش ببێتە بەشێك لە ئۆپۆزسیونی سوریا و چاوەڕوانی توركیا لە پەیەدە ئەوەیە كە كۆتایی بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەد بهێنێ و شان بەشانی ئۆپۆزسیونی سوریا لە دژی رژیم هەڵوێستی هەبێ و تا ئەو كاتەی كە پەرلەمانی نوێ سوریا هەڵدەبژێردرێ نابێ پەیەدە بیر لە هیچ جۆرە دامەزراوە یا خۆی پێكهاتەیەكی دوو فاكتۆ بكاتەوە.
Top