ئه‌مه‌ریکا هاووپه‌یمانی هیچکام له‌ حزبه‌کانی میسر نییه‌

ئه‌مه‌ریکا هاووپه‌یمانی هیچکام له‌ حزبه‌کانی میسر نییه‌
8ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- سەركۆماری ئەمەریكا بە ڕەخنەگرتن لە توندوتیژییەكانی ناو میسر ڕایگەیاند كە واشنتۆن هاوپەیمانی هیچكام لە حزبەكانی ئەم وڵاتە عەرەبییە نییە.

بە گوێرەی ئەم هەواڵە كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: باراك ئۆباما بە ئاماژەكردن بە لادانی محەمەد مۆرسی لە دەسەڵات لە لایەن سوپای ئەم وڵاتەوە، هاوكاریی ئەمەریكای لەگەڵ گرووپ یا حزبێكی تایبەتی ئەم وڵاتەدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ڕەت كردەوە.

لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپیدا هاتووە: سەركۆمار ئۆباما بێزاریی خۆی لە توندوتیژییەكانی میسر دەربڕیوە و، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ئاژاوەی سیاسیی ناو ئەم وڵاتە ڕاگەیاندووە، سەركۆماری ئەمەریكا پێداگرە لەسەر ئەوەی كە نابێتنە هاوپەیمانی هیچ هێز و لایەنێك و، بەهیچ شێوە پاڵپشتییان ناكات.

لە لایەكی دیكەوە چاك هیگل وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كە ڕۆژی هەینی گفتوگۆی لەگەڵ فەرماندەی سوپا هەبووە، لە ڕۆژانی دواییشدا پەیوەندییان بە یەكەوە هەبووە و، بە پێی نووسراوەی ڕۆیتێرز، لەم وتووێژانەدا خوازیاری گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە میسر بەدەست خەڵكی بووە.

هەر لەم بارەیەوە، بەرپرسێكی باڵا بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە كە ماوەی گفتوگۆكانیان 2 سەعات بووە و، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لەسەر ئەمە پێداگر بووە كە دەبێ گواستنەوەی دەسەڵات لە میسر بە شێوەی ئاشتیانە بەڕێوە بچێت، هەروەها دەبێ ئاساییشی دراوسێكانی میسریش بپارێزرێت،

شارەزایانی سیاسی لەسەر ئەم بڕوایەن كە خەڵكی میسر سەبارەت بە محەمەد مۆرسی سەركۆماری لادراوی میسر و حكوومەتەكەی، لە دژایەتی یا لایەنگریدا، بوونەتە دوو دەستە و، ئەوەیش نیگەرانییەكانی زیاتر كردووەتەوە.

نیگەرانی سەبارەت بە ڕووداوە سیاسی و سەربازی و توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی میسر سنووریشی بڕیوە و، ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەی تایبەتدا نیگەرانیی خۆیان ڕاگەیاندووە و، خوازیاری كۆتاییهێنان بە توندوتیژییەكانن، هەروەها لە لایەكی دیكەیشەوە بەرپرسی باڵای كاروباری مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتووەكانیش، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەركردنی بەربڵاوی ڕێبەرانی ئیخوانولموسلمین دەربڕیوە.
Top