ئێران لە كۆنگرەى وڵاتانى بێلایەن پێشنیازێك بۆ چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا دەخاتە ڕوو
ساڵحى گوتى، لە كۆنگرەى وڵاتانى بێلایەن كە بڕیارە حەوتووى داهاتوو لە رۆژانى 30 و 31ی ئەم مانگە (ئاب/ئۆگستس) لە تاران بەڕێوە بچێ، دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەى سووریا بخەینە ڕوو، ئاژانسى هەواڵى فارس بڵاوى كردەوە.
ساڵحى لەبارەى پێشنیازەكە هیچ روونكردنەوەیەكى نەدا، بەڵام دووپاتی كرد كە پێشنیازێكى راست و دروستە بۆ هەموو لایەنەكان و ئەستەمە وەپاش بدرێتەوە.
پتر گوتى، ئێران ئامادەیە لە دواى كۆنگرەى وڵاتانى بێلایەن و كۆبوونەوەى دەستەى گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەیلوول/سپتێمبەرى داهاتوو، ناوەندگری دانوستاندنەكانى لایەنى حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنى سووریا بكا.
ئاماژەى دا، دەستپێشخەرییەكە لە پێشنیازەكانى رابردووەوە كە لەلایەن كۆفى ئەنان نێردەى تایبەتى نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆوەندى عەرەبی بڕیارەكانى كۆوەندى عەرەبی لەبارەى سووریاوە راگەیاندراوە، سەرچاوەى گرتووە.
لە تەمووز/یۆلیۆى رابردوو ئێران پێشنیازێكى تری بۆ چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا خستە ڕوو، بەڵام لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و وڵاتانى عەرەبی و رۆئاوا پشتگوێ خرا، بەهۆی ئەوەى ئێران پشتگریی تەواوى لە رێژیمى سووریا دەكا.