عێراق و ئێران پەرەپێدانی هاوكاریی نێوانیان بە پێویست زانی

عێراق و ئێران پەرەپێدانی هاوكاریی نێوانیان بە پێویست زانی
جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، د. رۆژ نووری شاوەیس، لەگەڵ جێگری یەكەمی سەرۆككۆماری ئێران، د.محەمەدڕەزا ڕەحیمی دیداری كرد و تێیدا لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی هاوكارییەكانی تاران ـ بەغدا لە هەموو بوراەكاندا و گەشەكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان دوو وڵات تەئكید كرایەوە.

جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، دكتۆر رۆژ نووری شاوەیس، كە بە سەرۆكایەتی شاندێكی پایەبەرزی پێكهاتوو لە چەندین وەزیر و جێگری وەزیر و بەرپرسانی بانكی و سەرمایەگوزاریی عێراق بە فەرمی سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كردووە، ئێواره‌ی دوێنێ چوارشەممە 15ی ئاب/ ئوگۆستی 2012 لە نووسینگه‌ی سەرۆككۆماریی ئێران، لەگەڵ دكتۆر محەمەدڕەزا ڕەحیمی جێگری یەكەمی سەرۆككۆماری ئێران دیدار و گفتوگۆی كرد.

لەم دیدارەدا جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، دكتۆر رۆژ نووری شاوەیس، وێڕای ئاماژەدان بە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەنجامەكانی دانوستانەكانی بە ئەرێنی و كاریگەر وەسف كرد و هیوای خواست بەربەستەكانی بەردەم پەرپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان دوو لایەن نەمێنێت و پێكهاتن و رێككەوتننامەی نوێ لە نێوان دوو وڵاتدا مۆر بكرێت.

هەورەها لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی سەرۆكانی بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایه‌ن لە تاران کرد و هیوای خواست ئەم كۆڕبەندە بە سەركەوتوویی بەڕێوە بچێت و دەرئەنجامی كاریگەری لێبكەوێتەوە.

جێگری یەكەمی سەرۆككۆماری ئێرانیش، لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی هاوكارییەكانی تاران ـ بەغدا لە هەموو بوراەكاندا و گەشەكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان دوو وڵات تەئكیدی كردەوە.

رەحیمی، دەوری عێراقی سەبارەت بە مەسەلەكانی سووریا بە دەورێكی گرینگ و كاریگەر وەسف كرد و رایگەیاند: بە هاوكاری و هاودەنگییەكانی ئێران و عێراق گرفتەكانی سووریا چارەسەر بن و بارودۆخ لە پێناو خواست و بەرژەوەندی خەڵكی سووریا بەرەو
پێش بڕوات.

لەم سەردانەدا وەزیری دارایی، رافع ئەلعیساوی، وەزیری بازرگانی، خەیروڵڵا حەسەن بابەكر، وەزیری پیشەسازی و كانزاكان، ئەحمەد ناسر دەلی، سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراق، سینان محەمەدڕەزا ئەلشەبیبی، سەرۆكی رێكخراوەی نەتەوەیی، سامی رەئووف ئەلئەرجین و جێگری وەزیری كشتوكاڵ، مەهدی سەمەد ئەلقەیسی و چەندین بەرپرسی عێراقییش ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
Top