وەزارەتى دەرەوەى توركیا بانگهێشتنى باڵوێزى عێراق لە ئەنقەرە دەكا

وەزارەتى دەرەوەى توركیا بانگهێشتنى باڵوێزى عێراق لە ئەنقەرە دەكا
سەرچاوەیەكى ڕاگەیاندن لە توركیا ڕاى گەیاند، دواى ناڕەزایی دەربڕینى بەرپرسانى عێراق بەرامبەر سەردانەكەى ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە بۆ شارى كەركوك، وەزارەتى دەرەوەى توركیا بانگهێشتنى باڵوێزى عێراق لە ئەنقەرە دەكا.
بەپێى هەواڵێكى ئاژانسى \"ئەنادۆڵ\""ى توركى، دواى ناڕەزایی دەربڕینى بەرپرسانى عێراق بەرامبەر سەردانەكەى ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ كەركوك، دوێنێ هەینى وەزارەتى دەرەوەى توركیا بانگهێشتنى عەبدولئەمیر ئەبو تبیخ باڵوێزى عێراقى لە ئەنقەرە كرد.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لە سەرچاوە دیپلواماسییەكانەوە دەست ئاژانسەكە كەوتوون، ئەبو تبیخ لە وەزارەتى دەرەوەى توركیا لەگەڵ فەرەیدون سینیرلی ئۆغڵو ڕاوێژكارى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

سینیرلى ئۆغڵو بە باڵوێزى عێراقى ڕاگەیاند، لێدوانەكەى بەرپرسانى عێراق لەبارەى سەردانەكەى ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ كەركوك نایەتە قبووڵكردن.

زیاتر گوتى \""هەموو ئەو هەنگاوانەى توركیا دەیهاوێژێ ڕوون و كراوەیە و هیچ مەبەستێكى شاراوەى بەدواوە نییە. پێویستە بەوریایییەوە لێدوان بدەن\""، ئەمە بەگوێرەى هەمان سەرچاوە.

دوێنێ هەینى لەبید عەباوى بریكارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بانگهێشتنى مەولوود یاقووت هەڵسوڕاوى كارەكانى توركیا لە عێراق كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا ناڕەزاییەكى توندى حكوومەتى عێراقى بەرامبەر سەردانەكەى وەزیرى دەرەوەى توركیا بۆ كەركوك پێشكێش كرد و بەپێشێلكارى سەروەریی نیشتمانى و بەزاندنى ئەركە دیپلۆماتییەكانى نێوان هەردوو وڵات ناوبرد و داواى لە حكوومەتى توركیا كرد بەزووترین كات هۆكارى ئەو پێشێلكارییە ڕوون بكاتەوە.

ئێوارەى چوارشەمى ڕابردوو ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى توركیا بەسەرۆكایەتیی شاندێكى باڵاى حكوومەتى ئەو وڵاتە گەیشتە هەولێر و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى هەرێم چەندان دیدار و كۆبوونەوەى ساز كرد، ڕۆژى دواتر پێنجشەم سەردانى كەركوكى كرد و لەگەڵ پارێزگارى ئەو شارەدا كۆبووەوە.














ئاكانیوز"
Top