توركیا: رێگه ناده‌ین كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه له سووریا دووباره بكرێته‌وه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئه‌حمه‌د داوود ئوغڵوو، ئه‌مڕۆ هه‌ڕه‌شه‌ی له رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د كرد كه ئه‌گه‌ر ته‌قه له‌و ئاوارانه بكات كه به‌ره‌و سنووره‌كانی توركیا ده‌ڕۆن، حكوومه‌تی ئه‌نكارا بێده‌نگ نابێت.
داوود ئوغڵوو، له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی حوڕیه‌ت، جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ته‌قه له‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سه بكه‌ن كه به‌ره‌و سنووری توركیا خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن، نه توركیا و نه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، لێی بێده‌نگ نابن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه كردووه له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی عێراقدا و گوتوویه‌تی ئه‌وكات توركیا بۆ پێش‌گرتن له‌و كاره‌ساته مرۆییه، نه‌یتوانی هیچ بكات.
داوود ئۆغڵوو جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌مجاره‌یان توركیا رێگه نادات كوشتارێكی به كۆمه‌ڵی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه، له هیچ كام له وڵاتانی دراوسێی توركیادا دووباره بكرێته‌وه.