هێزەكانی رێژیمى سووریا 9 هاووڵاتیی كورد لە شاری قامیشلۆ دەكوژن

هێزەكانی رێژیمى سووریا 9 هاووڵاتیی كورد لە شاری قامیشلۆ دەكوژن
هێزەكانی سوپای سووریا لە دوو كردەوەی جیادا دوێنێ شەموو 9 هاووڵاتیی كوردی شاری قامیشلۆیان كوشتووە، سەركردەیەكی كوردی سووریاش مەترسییەكانی خۆی لەوبارەیەوە نیشان دا كە لە دوا كاتەكانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا كۆمەڵكوژیی كورد دەست پێ بكا.
سەرچاوەیەك لە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان لە شاری قامیشلۆ بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، نیوەڕۆی دوێنێ شەموو لە رۆئاوای دەروازەی شاری قامیشلۆ هێزێكی سوپای رێژیمی ئەسەد دەستڕێژی گوللەیان لە هاووڵاتییانی سڤیلی كورد كرد، بەو هۆیەوە 6 هاووڵاتیی كورد گیانیان لە دەست دا كە یەكیان ئافرەت بووە.

ئەو سەرچاوەیە كە ئامادە نەبوو ناوی ئاشكرا بكرێ روونی كردەوە، ئێوارەی دوێنێ لە سەنتەری شاری قامیشلۆ هێزەكانی سوپای رێژیم بۆ جارێكی تر دەستڕێژیان لە هاووڵاتییان كردەوە، بەو هۆیەشەوە 3 كەس هاتوونەتە كوشتن و كەسێكیش بریندار بووە.

تاهیر سفوك سكرتێری حزبی نیشتمانیی دیموكراتی كورد لە سووریا لە لێدوانێكدا بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، دەستڕێژی هێزەكانی سوپای رێژیم لە پاش بڵاوە پێكردنی هێزێكی زۆری سوپا بووە كە شەوی رابردوو لە سەنتەر و دەروازەی شاری قامیشلۆ بڵاوەیان پێ كراوە.

هەروەها گوتی، بەهۆی دەستڕێژی گوللە و كوشتنی هاووڵاتییانی كورد لە قامیشلۆ مەترسیی ئەوەمان هەیە كە رێژیم لە دوا كاتەكانی دەسەڵاتدارێتی ئەسەد وەك ناوچەكانی تر كۆمەڵكوژی لە دژی هاووڵاتییانی كورد ئەنجام بدا.

ئەوەشی گوت، كوشتنی هاووڵاتییانی كورد لە كاتێكدایە كە دۆخی هەرێمی كوردی لە سووریا لە بارێكی تەناهیی باشدایە و هیچ مەترسی و ئاڵۆزییەك لە نێوان كورد و رێژیمی ئەسەددا رووی نەداوە، ترسی ئێمەش لەوەدایە ئەو دۆخە وەك ناوچەكانی تر بەرەو هەڵكشان بچێ.














ئاكانیوز
Top