وڵاتانی رۆژئاوا: تەنها 10 رۆژ لەبەردەم سەرۆكی سووریایە
ئەمرۆ پێنج شەممە، وڵاتانی ئەوروپا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوە و بڕیاریاندا ماوەی چاودێرەكان بۆ 45 رۆژی دیکە زیاد بكەن، داواشیان لە سووریا کرد بەپەلە خاڵی یەكەمی پرۆژەكە جێبەجێ بكات كە بریتییە لە دەستهەڵگرتن لە توندوتیژی و پاشەكشەكردن بە هێزە سەربازییەكان لە ناوچەكانی خەڵكی سڤیل لێی نیشتەجێیە.
ئەگەر دیمەشق ئەو خاڵەی لەماوەی 10 رۆژدا جێبەجێ نەكرد، بڕیاری دانانی سزای زیاتر بۆ سەر سووریا دەدرێت، ئەوەش بەپێی مادەی 41ی بەندی حەوتەمی نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەگەر سووریا لەماوەی ئەو 10 رۆژە وازی لە توندوتیژی نەهێنا کۆمەڵێک سزای دەخرێتە سەر کە بریتین لە نەمانی پەیوەندی دیپلۆماسی بە هەموو شێوەیەک، راگرتنی هاتوچۆی بازرگانی و هەموو پەیوەندییەكی ئابووری و راگرتنی هاتوچۆ و گەیاندن.