ئەنان : ئەسەد پێشنیازى چەند ناوێك دەكا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن

ئەنان : ئەسەد پێشنیازى چەند ناوێك دەكا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن
كۆفى ئەنان نێردەى هاوبەشیى ناودەوڵەتى و عەرەبی راى گەیاند، لە دوایین سەردانم بۆ سووریا و كۆبوونەوەم لەگەڵ بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتى پێكهێنانى حكوومەتێكى كاتى لەگەڵ لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن كرد.
ئەنان ئێوارەى دوێنێ چوارشەم لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى لە جنێڤ گوتى، ئەسەد لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازى چەند ناوێكى كرد لە نێو ئۆپۆزسیۆن كە دەكرێ لەگەڵیان دانوستاندن ئەنجام بدرێ، بێ ئەوەى ئەنان ئاماژەى بە ناوى كەسایەتیەكان بكا.

پتر گوتى، لە گفتوگۆكاندا تاوتوێی جێبەجێ كردنى پلانى 6 خاڵەكە كرا كە لەلایەن ئەنجوومەنى تەناهییەوە هاتووەتە راگەیاندن و روونیشى كردەوە، وڵاتانى بەشدار لە كۆبوونەوەى داهاتوو لە جنێڤ سەبارەت بە سووریا، بەڵێنیان داوە بەردەوام پاڵەپەستۆ بخەنە سەر حكوومەتى سووریا بۆ جێبەجێكردنى بڕیارەكانى ئەنجوومەنى تەناهی و وەستانى توندوتیژی و هەنگاونان بەرەو گفتوگۆى سیاسی.

لە چوارچێوەى هەوڵەكانى بۆ چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا و جێبەجێكردنى پلانى 6 خاڵى ئەنجوومەنى تەناهی، یەكشەمى رابردوو ئەنان بەسەردانێك گەیشتە سووریا كە ئەمەش بە سێیەم سەردان دێتە هەژماردن.

لەلایەكى تر دوێنێ ئێوارە وەزارەتى دەرەوەى توركیا هەواڵێكى بەپاش دایەوە گوایە ئەحمەد داود ئۆغولو وەزیرى دەرەوە لە لێدوانێكى ئاماژەى بە ناوى رووسیا و چین كردووە كە بوونەتە رێگر لەبەردەم هەوڵەكانى ناودەوڵەتى بۆ چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا.

وەزارەتى دەرەوەى توركیا راى گەیاند، ئۆغڵو ناوى هیچ وڵاتێكى نەهێناوە، بەڵام توركیا پێی وایە دۆخى ئێستە سووریا كارەساتێكى مرۆیی گەورەیە و پێویستى بە هەوڵێكى رژدى ناودەوڵەتى هەیە بۆ كۆتاهاتنى ئەم دۆخەى ئێستە لەو وڵاتە هەیە، مۆنتیكارلۆ گواستیەوە.

جێی ئاماژەیە دواین كۆبوونەوەى ناودەوڵەتى لەبارەى سوریا كۆتاى مانگى رابردوو (حوزەیران/یۆنیۆ) بە بەشداری ئەندامانى ئەنجوومەنى هەمیشە و وڵاتانى قەتەر، توركیا، عێراق و كوێت لە ژنێڤ ساز درا كە تێیدا داوایان لە كۆفى ئەنان كرا جارێكى تر هەوڵەكانى بخاتەوە گەڕ بۆ كۆتاهاتنى توندوتیژییەكان و گەڕانەوەى دۆخى تەناهیی بۆ گەلی سووریا.












ئاكانیوز
Top