توركیا بەنیازە كڕینى نەوت لە ئێران كەم بكاتەوە

توركیا بەنیازە كڕینى نەوت لە ئێران كەم بكاتەوە
سەرچاوەیەكى باڵاى توركیا راى گەیاند وڵاتەكەى بەنیازە ساڵى داهاتوو بۆ بەدەستهێنانى رەزامەندیی ئەمەریكا بۆ بەخشینى لە گەمارۆكانى ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران، جارێكى تر رێژەى كڕینى نەوت لە ئێران تا رێژەى 10% كەم بكاتەوە.
توركیا لە 11ى حوزەیران/یۆنیۆى رابردوو بەهۆى كەمكردنەوەى رێژەى 20%ى هاوردەكردنى نەوت لە ئێران، بۆ ماوەى 6 مانگ لە گەمارۆى ئەمەریكا بۆ سەر هاوردەكردنى نەوتى ئێران هاتە بەخشین، تۆڕى دەنگوباسى (رۆیتەرز) ئەم هەواڵەى گواستەوە.

گەمارۆ نوێیەكانى ئەمەریكا بۆ سەر ئێران رۆژى 28ى مانگى رابردوو كەوتنە بوارى جێبەجێكردن و بانكى ناوەندیی ئێران كە بەرپرسى وەرگرتن و گواستنەوەى پارەى نەوتى ئێرانە، كردوویەتە ئامانج.

رۆیتەرز لە زارى دیپلۆماتكارێكى ئەمەریكایی راى گەیاند، واشنتۆن پاڵەپەستۆى خستووەتە سەر حكوومەتى توركیا كە لە كۆتاى 6 مانگى داهاتوو بۆ جارێكى تر هاوردەكردنى نەوت لە ئێران كەم بكاتەوە، بەڵام ئەم دیپلۆماتكارە ئاشكراى نەكردووە كە ئەو رێژەى ئەمەریكا ویستوویەتى چەند بووە.

توركیا لە ماوەى ساڵانى رابردوو رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوتى كاڵى لە ئێران هاوردە دەكرد و لە 1ى مانگى حوزەیران/یۆنیۆى رابردوو رێژەى هاوردەكردنى ئەو نەوتەى رۆژانە بۆ 144 هەزار بەرمیل كەم كردەوە و دووبارە بەنیازە ئەو رێژەیە بگەیەنێتە رۆژانە 130 هەزار بەرمیل.
Top