سوپای پاسداران: مووشه‌كه‌كانی ئێران ده‌گاته 35 بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئه‌میرعه‌لی حاجیزاده، له دووه‌مین رۆژی مانۆڕی مووشه‌كیی سوپای پاسداران‌دا رایگه‌یاند 35 بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئێران، ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی مووشه‌كه‌كانی سوپا و به ته‌واوی له‌ناو ده‌برێن.
حاجیزاده وێڕای ئه‌وه‌ی رایگه‌یاند كۆماری ئیسلامیی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌توندی وه‌ڵام ده‌داته‌وه، جه‌ختی كرده‌وه كه مووشه‌كه‌كانی ئێران ده‌گه‌نه خاكی ئیسرایل و ئه‌و وڵاته له‌ناو ده‌به‌ن.
دوای ده‌ستپێكردنی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌ورووپا له دژی كه‌رتی نه‌وتی ئێران، كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكه هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورموزی كرد و ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند هێزه‌كانی له كه‌نداو دوو هێنده كردووه و بۆ پاراستنی گه‌رووی هورموز، هه‌موو كارێك ده‌كات.