رۆژئاوا داوای له رووسیا كردووه، مافی په‌نابه‌رێتی به به‌شار ئه‌سه‌د، بدات
رۆژنامه‌ی كۆمه‌رسانت چاپی رووسیا له راپۆرتێكدا نووسیویه‌تی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌ورووپا هه‌وڵ ده‌ده‌ن رووسیا رازی بكه‌ن به‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی رژێمی به‌عسی سووریا، وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی قبووڵ بكات، به‌ڵام هه‌تا ئێستا رووسیا ئه‌م داوایه‌ی قبووڵ نه‌كردووه.
رۆژنامه‌كه له زمانی سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسیه‌وه كه ناوی ئاشكرا نه‌كراوه، نووسیویه‌تی وڵاتانی رۆژئاوا ده‌ڵێن مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتدا، هۆكاری سه‌ره‌كیی كوشتنی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی سووریا و سه‌ركوتی خۆپیشانده‌رانه و چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌سه‌د له سووریا، بۆ كۆتایی هێنان به شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌و وڵاته پێویسته.
راپۆرته‌كه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، حكوومه‌تی رووسیا سه‌ره‌ڕای پشتیوانی له رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، به‌ختی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د ته‌نیا به 10% ده‌خه‌مڵێنێت و سیاسه‌تمه‌دارانی رووسیا، به‌هۆی پشتیوانی له رژێمی سووریا، له پێگه‌ی سیاسیی وڵاته‌كه‌یان له رای گشتیدا نیگه‌رانن.