ئاوێنه: ئێران به دوای به‌دیلی تاڵه‌بانیدا ده‌گه‌ڕێت
رۆژنامه‌ی \"ئاوێنه\""، له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌یدا، له‌باره‌ی سه‌ردانه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاوە بۆ ئێران بڵاوی کردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: (حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ)ی باڵیۆزی ئێران وه‌ک دۆستێکی سه‌رده‌می شاخی نه‌وشیروان مسته‌فا، دوای ئه‌وه‌ی له سلێمانی سه‌ردانی ڕێکخەری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی کرد، به ره‌سمی نه‌وشیروان مسته‌فای بانگهێشتی ئێران کرد و ئه‌م بانگهێشتهیش چه‌ند بابه‌تی وه‌ک له یه‌کتر نزیککردنه‌وه‌ی یه‌کیه‌تی و گۆڕان، دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ جەلال تاڵه‌بانی و پێوه‌ندیی گۆڕان و نووری مالیکی ده‌گرێته‌وه.
ئەگەرچی سەبارەت بەم باسەوە هه‌ڵسووڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، محه‌ممه‌د تۆفیق ره‌حیم بێئاگایی خۆی له‌و بابه‌تانه راده‌گه‌یه‌نێت و له وه‌ڵامی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا گوتی: \""نه‌وشێروان مه‌سته‌فا به مه‌به‌ستی باس و گفتوگۆ له‌باری بارودۆخی عێراق سه‌ردانی ئیرانی کردووه\""، ئاوێنه به ئاماژه‌کردن به سه‌ردانی به‌رهه‌م ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی نیشتیمانی دوابه‌دوای نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ئێران، ئه‌و ئه‌گه‌ره زه‌ق ده‌کاته‌وه که مه‌به‌ست له‌م بانگهێشتنانه دۆزینه‌وه‌ی به‌دیلێک بێت بۆ گرتنه‌وه‌ی جێگه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا.
ئاوێنه، له درێژه‌ی راپۆرته‌که‌یدا نووسیویه‌تی، نه‌وشیروان مسته‌فا که نووسه‌ری کتێبی \""کورد و عه‌جه‌م\""ـه، له ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی1980دا سه‌رپه‌رشتیی هێرشێکی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانی و له‌شکری ئێرانی بۆ سه‌ر بیره نه‌وتییه‌کانی که‌رکووک کردووه و یه‌کێکه له‌و سیاسه‌تمه‌داره به‌ئه‌زموونانه‌یه باش ده‌زانێت له مێژووی سیاسیی کورددا فاکته‌ری ده‌ره‌کی چ رۆڵێکی گرینگی له ململانێ ناوخۆییه‌کانی کورددا بینییه‌وه.
ئاوینه له کۆتایی ئه‌م راپۆرته‌دا ئاماژه ده‌دات که سه‌ردانه‌که‌ی نه‌وشیروان هاوکاته له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌ڕگێرانی یادداشته‌کانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی که له‌لایه‌ن عیرفان قانعی فه‌رده‌وه ئه‌نجام دراوه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێکی به‌شی راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، کە دانەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر نێردراوە هاتووە کە نه‌وشیروان مسته‌فا دوای سه‌ردانه دوو رۆژه‌که‌ی بۆ ئێران، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه گه‌ڕایه‌وه هه‌رێمی کوردستان.
"