عێراق ئامادەسازی بۆ مێوانداریكردنی دووەم كۆبوونەوەی (5+1) و ئێران دەربڕی

عێراق ئامادەسازی بۆ مێوانداریكردنی دووەم كۆبوونەوەی (5+1) و ئێران دەربڕی
حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم ئامادەسازیی خۆی بۆ مێوانداریكردنی دووەم كۆبوونەوەی (5+1) و ئێران دەربڕی، ئەگەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆ نەگەیشتە بەرەنجامێكی ئەرێنی.

عەلی دەباغ گۆتیاری حكوومەتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، تا ئێستە كۆبوونەوە دووقۆڵییەكان لە نێوان لایەنەكانی فایلەكە بەردەوامە و پێشبینی گەیشتن بە بەرەنجامی ئەرێنی دەكەین و ئاماژەی كرد، لە كاتی نەگەیشتن بە بەرنجامی ئەرێنی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ و دواخستنی كۆبوونەوەكاندا، عێراق ئامادەیە دووبارە مێوانداریی كۆبوونەوەكان بكاتەوە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ كوبوونەوەكان بەكۆتا دێن و دوو كۆنگرەی جیاوازی رۆژنامەوانی ساز دەكرێن، یەكێكیان بۆ كاسرین ئاشتوون بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكەتیی ئەوروپا و ئەوەی تر بۆ سەعید جەلیلی سەرۆكی شاندی ئێران.

بەمەستی وتوێژكردن لەبارەی فایلی ناوكەییی ئەو وڵاتە، دوێنێ چوارشەم وڵاتانی (5+1) دەستیان بە كۆبوونەوە لەگەڵ ئێران لە بەغدا كرد، بەیانیی ئەمڕۆش كۆبوونەوەكان دەستیان پێ كردەوە.

دووشەمی رابردوو عێراق رای گەیاند كە بۆ مێوانداریكردنی وتوێژەكانی (5+1) و ئێران لەبارەی فایلی ناوكەییی تاران ئامادەیە كە دوێنێ چوارشەم لە بەغدا دەستی پێ كرد.

دوای وەستانی وتوێژەكان لەبارەی فایلیی ناوكەییی ئێران بۆ ماوەی 15 مانگ، لە ناوەڕاستی نیسان/ئەپریلی رابردوو گرووپی (5+1) كە لە ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێك هاتوون، لە ئیستەنبوڵ دەستیان بە وتوێژەكان كردەوە.
Top