ئەمڕۆ دووەم و كۆتا رۆژى هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى میسر بەڕێوە دەچێ

ئەمڕۆ دووەم و كۆتا رۆژى هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى میسر بەڕێوە دەچێ
سەعات 9ى سەرلەئێوارەى دوێنێ چوارشەم بنكەكانى دەنگدان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى میسر داخران و ئەمڕۆ پێنجشەمیش دووەم و كۆتا رۆژى ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە دەچێ، سێشەمى داهاتووش ئەنجامى هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنرێ.

دوێنێ لە یەكەم هەڵبژاردنى ئازاد لە سەردەمى فیرعەنەكانەوە، هەزاران كەس لەبەردەم بنكەكانى دەنگداندا ریزیان بەست بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكێكى نوێ بۆ وڵاتەكەیان، كە 13 كاندید كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانى دەكەن.

بەهۆى قەرەباڵغیى بنكەكانى دەنگدان لێژنەى سەرپەرشتیى هەڵبژاردنەكە سەعاتێك ماوەى دەنگدانى درێژ كردەوە.

دەنگدانە بەهێمنى بەڕێوە چوو، ئەگەرچى ئەحمەد شەفیق كاندیدى سەرۆكایەتى و سەرۆك وەزیران لەسەردەمى حوسنى موبارەك لەكاتى دەنگداندا لەلایەن ژمارەیەك دەنگدەرەوە پێڵاوى تێگیرا.

ئەگەر هیچكام لەو كاندیدانە نەیتوانى زۆرینەى رەها (سەروو 50%) بەدەست بێنێ، ئەوا خولى دووەمى هەڵبژاردنەكە لە 16 و 17ى مانگى داهاتوو (حوزەیران) بەڕێوە دەچێ.

ئەمڕۆ دووەم رۆژى هەڵبژاردنەكە بەڕێوە دەچێ و پاش تەواوبوونى دەنگدانەكەیش راستەوخۆ دەست بە جیاكردنەوەى دەنگەكان دەكرێ، رۆژى سێشەمى داهاتوویش ئەنجامى هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنرێ.
Top