نەتەنیاهو داوا لە وڵاتە گەورەكان دەكا هەڵوێستیان لەبارەى بەرنامەی ناوكەیی ئێران توندتر بكەن

نەتەنیاهو داوا لە وڵاتە گەورەكان دەكا هەڵوێستیان لەبارەى بەرنامەی ناوكەیی ئێران توندتر بكەن
بینیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل داواى لە وڵاتە گەورەكانى دنیا كرد هەڵوێستیان لەبارەى بەرنامە ناوكەییەكەى ئێران توندتر بكەن.

نەتەیناهۆ لە بەیاننامەیەكدا راى گەیاند، ئێران تا ئێستە هەوڵى وێرانكردنى ئیسرائیل دەدا و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی دنیا.

زیاتر گوتى، پێویستە وڵاتە گەورەكان سەر بۆ ئێران دانەنوێنن و داوای لێ بكەن چالاكی پیتاندنى یۆرانیۆم بووەستێنێ و ئەو بڕە یۆرانیۆمە چڕكراوەى هەیەتى لەناوی بەرێ، جگە لەوانەش وێستگەی ناوكەییی ژێرخاكى قوم هەڵوەشێنێتەوە.

نەتەنیاهۆ گوتى، ئەمە پوختەى هەڵوێستى ئیسرائیلە كە گۆڕانكاری تیادا نایەتە كردن و دووپاتی كرد، ئەمەش رێگەى سەرەكییە بۆ پێشگرتنی ئێران لە دروستكردنى بۆمبى ناوكەیی، مۆنیتكارلۆ گواستییەوە.

لێدوانەكەى نەتەنیاهۆ رۆژێك پێش دەست پێكردنى كۆبوونەوەى نێوان ئێران و وڵاتانى 5+1 دێ كە چاوەڕوان دەكرێ سبەى چوارشەم لەبارەى پرسى ناوكەییی ئێران لە بەغدا وتوێژ ساز بكەن.

خولی یەكەمى گفتوگۆكانى ناوكەیی ئێران لە 14ی نیسان/ئەپریلى رابردوو لە ئیستەنبۆڵ ساز كرا كە زیاتر لە 2 ساڵ بوو وەستا بوو.
Top