ئێران گفتوگۆكانى لەگەڵ ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی بە باش ناو دەبا

ئێران گفتوگۆكانى لەگەڵ ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی بە باش ناو دەبا
نوێنەرى ئێران لە ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ئەتۆمى لە كاتى دەستپێكردنى دووەمین رۆژى گفتوگۆكانى وڵاتەكەى لە ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی، شێوەى گفتوگۆكانى بە \"زۆرباش\"" لەقەڵەم دا.

عەلى ئەسغەر سوڵتانیە راى گەیاند \""گفتوگۆیەكى باش لەنێوان هەردوولا هاتە سازكردن و هەموو شتێك لە شوێنى خۆى بوو\""، ئاژانسى دەنگوباسى (مێهر)ى ئێرانى ئەم هەواڵەى گواستەوە.

ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی دوێنێ دووشەم خولى نوێى گفتوگۆكانى لەگەڵ ئێران لەبارەى پرسى ناوكەیی ئەو وڵاتە لە بنكەى سەرەكیی رێكخراوەكە لە ڤیەننا دەست پێ كرد و 2 رۆژى خایاند و ئەمڕۆ بە كۆتاهات.

بڕیارە خوڵى نوێى گفتوگۆكانى نێوان ئێران و وڵاتانى گرووپى 1+5 (رووسیا، ئەمەریكا، بەریتانیا، چین و فڕەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا) 23ى ئایار/مایۆ لە بەغداى پایەتەختى عێراق بێتە ئەنجامدان، وارگەى رادیۆ (فەردا) ئەم هەواڵەى گواستەوە.

ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە بە پاش دەداتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە."
Top