كاندیدەكانى سەرۆكایەتیى میسر هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل

كاندیدەكانى سەرۆكایەتیى میسر هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل
كاندیدەكانى هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى میسر كە بڕیارە لە 23 و 24ى ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێ، لەچوارچێوەى هەڵمەتەكانى راگەیاندنیان بۆ بەدەستهێنانى دەنگى شەقامى میسرى، هێرشى توند دەكەنە سەر ئیسرائیل، كە وڵاتەكەیان لە ساڵى 1979وە پەیماننامەى ئاشتى لەگەڵیدا هەیە. سایتى رادیۆ سەوا گواستیەوە.

ئەحمەد شەفیق فەرماندەى پێشترى هێزە ئاسمانییەكانى میسر و سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتە لە سەردەمى حوسنى موبارەكدا، جەختى كرد لە شەڕى بڕست لێ بڕینى نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵى 1969 و 1970دا دوو باڵەفڕى ئیسرائیلى خستووەتە خوارەوە.

شەفیق كە بەپێى راپرسییەك لە ریزبەنددا سێیەمە، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەى بەوە داوە بە كۆشش و تواناى خۆى بووەتە فەرماندەى هێزە ئاسمانییەكانى میسر.

عەبدولمونعیم ئەبولفتوح كاندیدى ئیسلامى و سەركردەى پێشووى ئیخوان موسلیمین، ئیسرائیلى بە دەوڵەتێكى \"رەگەزپەرست\"" لەقەڵەم دا كە 200 كڵاوەى ناوكى هەیە و جێى مەترسییە بۆ میسر و جەختى كرد، پێویستە چاو بە پەیماننامەى ئاشتیی نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵى 1979 بخشێنرێتەوە.

ئەبولفتوح لە لێدوانێكیدا بۆ (بی بی سی) روونى كردەوە، ئەو هەر لە سەرەتاوە بەو پەیماننامەیە نەیار بووە و هێشتایش لەو باوەڕەدایە پەیماننامەكە \""هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى میسر و دەبێ چاوى پێدا بخشێنرێتەوە\"".

لاى خۆیەوە عەمر مووساى ئەمیندارى پێشووى كۆوەندى عەرەبی و كاندیدى هەڵبژارنە سەرۆكایەتییەكەیش داواى چاوخشاندنەوە بە پەیماننامەى ئاشتى لەگەڵ ئیسرائیل كرد و سیاسەتى ئەو وڵاتەى بەرامبەر فەڵەستینییەكان، بە بەشێك لە ئاسایى نەتەوەیى میسر لەقەڵەم دا."
Top