كارزاى هەڕەشەی راگرتنى هاوپەیمانیى ستراتیجی لە ئەمەریكا دەكا

كارزاى هەڕەشەی راگرتنى هاوپەیمانیى ستراتیجی لە ئەمەریكا دەكا
حامید كارزاى سەرۆكی ئەفغانستان هەڕەشەی راگرتنى رێككەوتننامەى ستراتیجیی هاوبەشى لەگەڵ ئەمەریكا كرد، ئەگەر هاتوو لە كردەوە سەربازییەكاندا كوشتنى هاووڵاتییان لەلایەن هێزەكانى ناتۆوە بەردەوام بێ.

حەوتووى رابردوو كارزاى لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكى ئەمەریكا لە كابولى پایەتەخت رێككەوتننامەى ستراتیجیی هاوبەشیان ئیمزا كرد كە مەبەست لەو رێككەوتننامەیە درێژكردنەوەى پێوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە دواى كشانەوەى هێزەكانى ناودەوڵەتى لە ئەفغانستان.

كارزاى وریاییدایە هەریەك لە جۆن ئالن سەكردەى هێزەكانى باكوری ئەتڵەسى لە ئەفغانستان \"ئیساف\"" و واین كرۆكەر باڵیۆزى ئەمەریكا لە ئەفغانستان كە بە زووترین كات دەست لە كوشتنى هاووڵاتییان هەڵگرن.

بەپێی ئامارێكى بەرپرسانى ئەفغانستانى لە شەمووى رابردووەوە لە هێرشە ئاسمانییەكانى هێزەكانى ئیساف 10 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە كە لە ناویاندا ئافرەت و منداڵیش هەن، مۆنتیكارلۆ گواستییەوە.

دوێنێ دووشەم نووسینگەى سەرۆكى ئەفغانستان بەیاننامەیەكى بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، كارزاى داواى لە سەرۆكى فەرماندەى هێزەكانى ئیساف و باڵیۆزى ئەمەریكا كردووە سەردانى كۆشكى سەرۆكایەتی بكەن و كۆبوونەوەیەكى خێرا ئەنجام بدەن.

كارزاى لە بەیاننامەكەدا وریاییدایە ئەمەریكا ئەگەر گیانى هاووڵاتییانى ئەفغانستانى پارێزگاری نەكرێن ئەوا رێككەوتننامەى ستراتیجیی هابەشى نێوان ئەفغانستان و ئەمەریكا هەموو واتاكانى لەدەست دەدا.

سەرۆكى ئەفغانستان نیگەرانیی خۆى بەرامبەر كوشتنى هاووڵاتییان دەربڕى كە لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا لە هەرێمەكانى هی لوگار، هەلمەند، كابیسا و باگدیش لەسەر دەستى هێزەكانى ئیساف كوژران."
Top