سبەى باڵوێزى سعوودیە دەگەڕێتەوە میسر

سبەى باڵوێزى سعوودیە دەگەڕێتەوە میسر
عەبدوڵا بن عەبدولعەزیزى شاى عەرەبستانى سعوودى پاش كۆبوونەوەى لەگەڵ شاندێكى پەرلەمانى میسرى بەسەرۆكایەتیى سەعد ئەلكەتاتنى سەرۆكى پەرلەمان، فەرمانى دا لە سەبى یەكشەمەوە باڵوێزگەى سعوودیە لە قاهیرە و هەردوو كونسوڵگەكەى لە ئەسكەندەریە و سویس بكرێنەوە. سایتى (العربیە.نت) گواستیەوە.

لەم دواییەدا پاش ئەوەى دەسەڵاتدارانى سعوودیە پارێزەرێكى میسرییان لە باڵەفڕگەى جیدە گرت كە حەبی هۆشبەرى پێبوو، ژمارەیەك خۆپێشاندەر هەڵیانكوتایە سەر باڵوێزگەى سعوودیە لە قاهیرە، بەو هۆیەشەوە ریاز باڵوێزگە و كونسوڵگەكانى لە میسر داخست و بانگهێشتى باڵوێزیشى كردەوە بۆ راوێژكردن.

بۆ خاوكردنەوەى ئەو گرژییەى بەو هۆیەوە دروست بوو، شاندێكى پەرلەمانى میسر بەسەرۆكایەتیى كەتاتنى سەردانى سعوودیەیان كرد و لەگەڵ شاى ئەو وڵاتە كۆ بوونەوە.

شاعەبدوڵا لە دیدارەكەدا ئاماژەى بەوە دا پێوەندییە هاوبەشە مێژووییەكانى ریاز و قاهیرە لەوە قووڵترن بەو جۆرە رووداوانە تێك بچن و جەختى لەوە كرد، مەبەست لە كێشانەوەى دیبلۆماتەكان پاراستنیان بووە لە زیان پێگەیشتن و هیواى خواست تەنگژەكە بەخێرایى كۆتاى بێ.

دواى كەوتنى رێژیمەكەى حوسنى موبارەك لە شوبات/فێبرایەرى ساڵى 2011، شەقامى میسرى بەردەوام لە جووڵە و خۆپێشانداندایە بە هۆكارى جۆراوجۆر، كە بەهۆیانەوە سەتان كەس دەبنە قوربانى.

دوێنێ هەینى سەتان خۆپیشاندەر هەوڵیان دا شوورەى ئەمنیی چواردەروى وەزارەتى بەرگرى لە ناوچەى عەباسیە لە قاهیرە ببڕن و بگەنە تەلارى وەزارەت، لە ئەنجامى ئەوەدا توندوتیژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزەكانى سوپا رووى دا و بەهۆیەوە بەپێى راگەیاندنى وەزارەتى تەندروستیى میسر، سەربازێك كوژر و زیاتر لە 300 كەسیش بریندار بوون و سوپا هاتوچۆى لە دەوروبەرى وەزارەت راگەیاند.
Top