پانیتا: چارەسەرى سەربازى لە سووریا دواین بژارەیە

پانیتا: چارەسەرى سەربازى لە سووریا دواین بژارەیە
لیۆن پانیتاى وەزیرى بەرگریى ئەمەریكا راى گەیاند ئەگەرچى ژمارەیەك جیابوونەوە و لێكترازان لەناو رێژیمى سووریادا روویان داوە، بەڵام هێشتا لە رووى سەربازییەوە تۆكمە و بەهێزە، ئاماژەى بەوەیش دا چارەسەرى سەربازى بۆ تەنگژەى سووریا دواین بژارەیە. وارگەى (رەسیا الیوم) ئەمڕۆ گواستیەوە.

پانیتا لە دانیشتنێكى گوێگرتندا لە كۆنگرێسى ئەمەریكا دووپاتى كردەوە \"رێژیمى سووریا شەرعیەت و مافى حوكمڕانیكردنى وڵاتى لەدەست داوە\"" و جەختى كرد \""پێویستە كۆمەڵگەى ناودەوڵەتى وەڵامێكى گونجاوى ئەو رێژیمە بداتەوە\"".

هەروەها گوتى \""رێژیمى ئەسەد هەموو ئاگەداركردنەوە و پرۆژەكانى چارەسەركردنى تەنگژەكەى فەرامۆش كردووە، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەركردایەتیى هەوڵە ناودەوڵەتییەكان دەكا بۆ ناچاركردنى ئەسەد بۆ راگرتنى توندوتیژى دژ بە گەلەكەى\"".

ئاماژەى بەوەیش دا ئەگەر پێویستى كرد، لەگەڵ هاولفە ناودەوڵەتییەكانیدا پرسى بەكارهێنانى هێزى سەربازى تاوتوێ دەكەن.

تائێستە ناكۆكى لەنێوان ئەمەریكاییەكان هەیە لەبارەى بەكارهێنانى گورزى سەربازى لەدژى دیمەشق لەلایەن ئەمەریكاوە.

دووشەمى رابردوو سیناتۆرى ئەمەریكایى جۆن مەكەین لە وتەیەكیدا لەبەردەم ئەنجوومەنى پیرانى ئەمەریكا داواى لە ئیدارەى ئەمەریكا كرد، سەركردایەتیى هەنگاوێكى ناودەوڵەتى بۆ پاراستنى مەدەنیەكان لە سووریا بكا، لەرێى ئەنجامدانى هێرشى ئاسمانى بۆ سەر ئەو هێزانەى رێژیمى سووریا كە ناڕەزاییانى دژ بە دەسەڵات سەركوت دەكەن.

رۆژى دواتر باراك ئۆباماى سەرۆكى ئەمەریكا لە یەكەم كۆنگرەى ئەمساڵیدا لە كۆشكى سپى، خەمباریى خۆى بە توندوتیژییەكانى سوریا دەربڕی، بەڵام هاوكات جەختى لەوە كرد ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا یەكلایەنە هیچ كردەوەیەكى سەربازى دژى دیمەشق ئەنجام نادا.

ئۆباما گوتى \""پێم وایە هەڵەیە، وەك هەندێ داوا دەكەن، كردەوەیەكى سەربازیى یەكلایەنە ئەنجام بدەین، یاخۆ پێمان وابێ دۆخى سووریا بەئاسانى چارەسەر دەكرێ\"".


-ئاكانيوز"
Top