كوژراوه‌كانی سووریا له 7 هه‌زار و 500 كه‌س تێپه‌ڕی
جێگری سیاسیی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، لین پاسكۆ، ده‌ڵێت ژماره‌ی كوژراوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی سووریا له به‌هاری رابردووه‌وه هه‌تا ئێستا، گه‌یشتووه‌ته زیاتر له 7 هه‌زار و 500 كه‌س.
پاسكۆ له لێدوانێكیدا له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ له جنێڤ سه‌باره‌ت به بارودۆخی خراپی خۆپیشانده‌ران و سه‌ركوتی به‌رینی خه‌ڵك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د گوتی رۆژانه له سووریا زیاتر له 100 كه‌سی مه‌ده‌نی ده‌كوژرێن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌واڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسێكی برینداری فه‌ڕه‌نسایی له شاری حمس ده‌ربازی بووه و گه‌یشتووه‌ته لوبنان، له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماری فه‌ڕه‌نساوه ره‌تكراوه‌ته‌وه و هه‌تا ئێستا چاره‌نووسی ئه‌و ژنه رۆژنامه‌نووسه نادیاره.
رۆژنامه‌نووسێكی به‌ریتانیایی كه ئه‌ویش له هێرشێكی هه‌فته‌ی رابردوودا بریندار بوو، توانیویه‌تی خۆی بگه‌یه‌نێته ناوچه‌یه‌كی ئارام. ده‌گوترێت ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره به‌ریتانیاییه گه‌یشتووه‌ته به‌یرووت پایته‌ختی لوبنان.