تەرابلوس رێكخراوى قاعیدە بە كوشتنى عەبدولفەتاح یونس تۆمەتبار دەكات

تەرابلوس رێكخراوى قاعیدە بە كوشتنى عەبدولفەتاح یونس تۆمەتبار دەكات
حكوومەتى لیبیا ئێوارەى دوێنێ هەینى رێكخراوى قاعیدەى بە كوشتنى عەبدولفەتاح یونیس سەركردەى سەربازیى شۆڕشوانەكانى ئەو وڵاتە تۆمەتبار كرد. فرانس پرێس ئەمڕۆ گواستیەوە.
مووسا ئیبراهیم گۆتیارى رێژیمى لیبیا لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا لە شارى تەرابلوسى پایەتەخت گوتى \"رێكخراوى قاعیدە بەم كارەى ویستى بوون و دەسەڵاتى خۆى لەو ناوچەیەدا دەربخات\"" كە لەژێر دەسەڵاتى شۆڕشوانەكاندایە.

هەروەها گوتى هەموو ئەندامانى ترى ئەنجوومەنى نیشتمانیى كاتیى لیبیا لەوە ئاگەدار بوون، بەڵام لە ترسى قاعیدە هیچیان پێ نەكراوە.

جەختیشى كرد كوژرانى لیوا یونس بەڵگەیەكى نوێیە لەسەر ئەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانیى كاتى هیچ دەسەڵاتێكى لە بەنغازیدا نییە، بگرە دەسەڵات لە دەستى قاعیدەدایە.

ئیبراهیم ئاماژەى بەوە دا لە بەرەى برێقەدا كە مینایەكى ستراتیجیى نەوتى لە رۆهەڵاتى وڵات تێدایە، 200 چەكدارى قاعیدە لەلایەن هێزەكانى حكوومەتەوە كوژران، لە تۆڵەى ئەوەدا قاعیدە سەركردەى شۆڕشوانەكانى لەو بەرەیەدا كوشت.

هاوكات پێى وا بوو \""كوژرانى عەبدولفەتاح یونس سوپاى یاخییان لاواز دەكات، هەروەها سیاسەتى دەرەوەیان لاواز دەكات و یارمەتیى دەوڵەتانى رۆئاوایى و زۆر لە خەڵكى رۆهەڵات دەدات تا بێنەوە هۆش و راستییەكان ببینن\"".

پێرێ پێنجشەم یونس و دوو لە ئەفسەرانى یاوەرى لەلایەن گرووپێكى چەكدارەوە كوژران، ئەویش دواى ئەوەى لەلایەن ئەنجوومەنى نیشتمانیى كاتییەوە لە بەنغازى پایەتەختى دەسەڵاتى شۆڕشوانەكان بانگهێشتن كران بۆ لێپرسینەوە لە هەندێ كاروبارى سەربازى.

یونس پێشتر وەزیرى ناوەخۆى حكوومەتى لیبیا بوو و لەگەڵ دەستپێكردنى راپەڕیندا لە ئادار/مارسى رابردوو هاتە ریزى شۆڕشوانان."
Top