خۆپێشاندەرانی سووریا چاویان لە رەمەزانە و دەسەڵاتیش مزگەوت دادەخا

خۆپێشاندەرانی سووریا چاویان لە رەمەزانە و دەسەڵاتیش مزگەوت دادەخا
چالاكان و خۆپێشاندەرانی ناڕازیی دەسەڵات لە سووریا چاوەڕێن مانگی رەمەزانی ئەمساڵ وەك دەرفەتێك بقۆزنە تا لە رێگەی مزگەوت و كۆبوونەوەى خەڵك لە شوێنە ئاینییەكانەوە پاڵەپەستۆ خەنە سەر دەسەڵات، هاوكات حكوومەت بڕیاری داخستنی مزگەوت دەدا.
ماڵپەڕی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریكایی ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە سووریا چاوەڕێن لە مانگی رەمەزان كە لە دووشەمی داهاتووەوە دەست پێ دەكا، هەوڵەكانیان زیاتر بەگەڕ بخەن و لەو مانگەدا لە رێگەى گردبوونەوەى خەڵك لە مزگەوت پاڵپشتیی زیاتر بۆ خۆیان و داواكارییەكانیان پەیدا بكەن.

ئەو پەیامەی خۆپێشاندەران لە خۆپێشاندانە بەربڵاوەكەى دوێنێ هەینیی سووریادا راگەیەنرا كە بەهۆیەوە لە شوێنە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە لانی كەم 15 خۆپێشاندەری تر لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە كوژران.

هاوكات حكوومەتی سووریا بەمەبەستی بەرگرتن لەو مەبەستەی ناڕازییانی دەسەڵات، لە دوێنێ هەینییەوە دەستی بەداخستنی چەند مزگەوتی تایبەت كردووە.

لە ناوەڕاستەكانی (ئادار/مارس)ی رابردووەوە زنجیرەیەك خۆپێشاندان دژی دەسەڵاتی سووریا باشووری دیمەشقی پایەتەختی گرتەوە، دۆخەكە دواتر ناوچە كوردییەكانیش گرتەوە و تێكهەڵچوونی هێزە تەناهییەكان و خۆپێشاندەرانی لێ كەوتەوە، سەرچاوەگەلی رەسمیی جیهانی باسی كوژرانی زیاتر لە هەزار و 500 كەسی سڤیل و 350 لە هێزە تەناهییەكان دەكەن، جگە لە بریندار بوونی نێزیكەى 3 هەزار و گیرانی 10 هەزاری تر.
Top