تازەترين ئامار لەبارەی کوژراو و دەستگیرکراو و بێ سەرشونبووانی خۆپێشاندەرانى سوريا بڵاو دەکرێتەوە

تازەترين ئامار لەبارەی کوژراو و دەستگیرکراو و بێ سەرشونبووانی خۆپێشاندەرانى سوريا بڵاو دەکرێتەوە
رێکخراوی ئاڤاز کە رێکخراوێکی ناحکومییە لەسوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە 15ی ئادار / مارس تاوەکو ئێستا سێ هەزار هاوڵاتی بێ سەروشون بوون.
هەروەها ئاشکرایکرد کە دوو هەزار و 918 کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستاش دیار نییە کە ئازاد دەکرێن یان نەخێر.

هەر بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی ئاڤاز هێزە ئەمنییەکانی سوریایی بەر لەهاتنی مانگی رەمەزان هەڵمەتە رەشبگیرییەکانیان چڕ کردۆتەوەو بۆیە تەنیا لەم هەفتەیەدا زیاتر لە هەزار کەسیان لەخۆپێشاندەران دەستگیرکردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە لیستێکی تایبەت بەدەستگیرکراوەکانیان لەبەردەستدایە و بەنیازە لەرێگەی پێگەیەکی تایبەت لەئەنتەرنێت وێنە و زانیاریی پەیوەست بە بێ سەروشون بووەکان بڵاوبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبن لەبڵاوکردنەوەی زانیاریی زیاتر.

ئەم رێکخراوە ناحکومییە دەڵێت: بەپێی زانیارییەکان لەسەرەتای بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان هەزار و 634 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەر لەو ماوەیەدا 26 هەزار کەس دەستگیرکراون و تاکوو ئێستاش 12 هەزار و 617 کەسیش راگیراون.

بەو جۆرەی رێکخراوی ئاڤاز ئاماژەی پێداوە، لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانی سوریا هەر سەعاتە و هاوڵاتییەک دەستگیرکراوە.
Top