"ژیان لەسەر سنوور" لە کراکۆف

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی بەھمەن قوبادی، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە وڵاتی پۆڵەندا نمایشکرا.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵندەکان"ـی پەنجا و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" نمایشکرا.

ئەم فیلمە ٧٣ خولەکییە لە رۆژانی ٣٠ی ئایار لە ھۆڵی ژمارە ٢ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" چووە سەر پەردەی سینەماکان، پاشان لە رۆژی ١ حوزەیران لە ھۆڵی ژمارە ١ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" و لە دوایین نمایشی خۆیدا لە رۆژی ٢ حوزەیران لە ھۆڵی ژمارە ٢ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" نمایشکرا.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵندەکان"ـی پەنجا و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" بریتین لە: کڵاوس ئێدێر، رەخنەگری سینەما و سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئەڵمانیا، کارۆلینا بیلاویسکا، دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی پۆڵەندا، حوسێن کۆریمبھۆی بەڕێوەبەریی ھونەریی لە وڵاتی ئەمەریکا، ئەمیر لەبەکی رەخنەگر، دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی بەرازیل و ھەروەھا میشێل نوو، دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی لە فەڕەنسا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" کە یەکێکە لە کۆنترین رووداوە سینەماییەکانی ئەورووپا بە نمایشی ٢٥٠ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی نەتەوەیی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلم دیکۆمێنتارییە بڵندەکان"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان"، بەشی "پێشبڕکێی موزیک لە سینەما"، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییە نوێیەکان"، بەشی "چاوخشاندنێک بە بەو بەرھەمانەی کە لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە سازکراون"، بەشی "تیشک خستنە سەر بەرھەمی دەرھێنەرە ناودارەکانی سینەمای جیھان"، بەشی "براوەکانی ساڵانی پێشوو"، بەشی "تیشک خستنە سەر سینەمای سوید"، بەشی "بازاڕی فیلم"، بەشی "قوتابیانی خوێندنەوەی شەوانە"، بەشی "چیرۆکی جیھان"، بەشی "پانۆڕامایەک لە فیلمی پۆڵەندا"، بەشی "بەڵگەیی و زانست" و بەشی "دەنگی موزیک" لە رۆژانی ٢٩ی ئایار تا ٥ حوزەیران ٢٠١٦ لە شاری کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.

ئامانج لە دامەزراندیی ئەم فیستیڤاڵە، نمایشی کورتە فیلمی چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی و ئەنیمەیشنییە و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتەکانی "ئەژدیھا" Dragon و "ئەسپی داریی" Hobby Horse بە ھونەرمەندانی سەرکەوتوو پێشکەش دەکرێت و ھەروەھا خەڵاتی "فیپێڕشی" واتە "ئەنجوومەنی رەخنەگرانی نێودەوڵەتی سینەمای جیھان"، خەڵاتی "فیسک"، چەندین خەڵاتی دیکە لەوانە: خەڵاتی "پریکس یو.ئای.پی" Prix UIP کڕاکۆف و خەڵاتی "ئێف.ئای.سی.سی" FICC پێشکەش بە براوەکانی بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە دەکرێت.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە لایەن فیدڕاسیۆنی بەرھەمھێنەرانی سینەما "فیاپ" ، ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا و ئاکادیمیای زانست و ھونەرە سینەماییەکان بەڕێوەدەچێت و ئەو فیلمانەی کە لەم فیستیڤالەدا ھەڵدەبژێردرێن دەچنە بەشی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی سینەمای ئەرووپا و خەڵاتی ئۆسکارەوە. ئەم فیستیڤاڵە ھەروەھا لە ئەنجوومەنی فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئەورووپا ئەندامە.

"ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا رۆژی ١١ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" Tiburon لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بۆخۆی مسۆگەر بکات و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکیی ITFF بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە رێگای فیلم"ـەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی Golden Reel سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال

پێشکەشکرا.


ئەم فیلمە کوردییە، ھەروەھا رۆژی ١٠ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" ÉCU لە پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێبەخشرا.









ZNA
Top