هه‌ولێر به‌ تابلۆی "شوان و نەورۆز" میوانی مەریوان بوو

هه‌ولێر به‌ تابلۆی
تیپی نەتەویی كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێر، بە تابلۆی "شوان و نەورۆز" بەشداری لە پێنجەمین فیستیڤاڵی مەریوان کرد.

ئەو گرووپە لەسەر داوای كۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشت كرابوون بە مەبەستی بەشداری كردنیان لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵ.

فێستیڤاڵەکە لە زرێبار كە شوێنێكی گەشتیارییە لە مه‌ریوان، به‌ ئاماده‌بوونی جەماوەر و گەشتیارێكی زۆر دەستی به‌ كاره‌كانی كرد.

بەرنامەكانی ڤیستیڤاڵەکە بریتیی بوون لە هەڵپەڕكێ و یارییە كوردەوارییەكان وەك راكێشانی گوریس و زۆرانبازی.

له‌ باشووری كوردستانه‌وه‌ هەریەك لە گرووپه‌كانی هه‌ولێر، كەركووك، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە لەو فیستیڤاڵە بەشداربوون.

سەرەتا گرووپە بەشداربووەكان رێوڕەسمی رۆیشتنیان بە بەردەم جەماوەری ئاماده‌بوو ئەنجامدا، دواتر تیپی هەڵپەڕكێی مەریوان یەكەم چالاكی خۆی پێشكه‌ش كرد، لەدوای ئه‌وان نمایشی گروووپەكانی دیکەش به‌ هەڵپەڕكێی كوردەواری و یارییە كولتوورییەكان دەستیان پێكرد.

تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەكانی هەولێر كە بەریوەبەری تیپ بەدرەددین بابەكر سەرپەرشتی دەكردن، لە یەكەم رۆژدا بە جلوبەرگەکانیان و بە هه‌ڵپه‌ڕكێی سەرنجڕاكێش و به‌ تابلۆی "شوان" یه‌كه‌م نمایشی خۆی پیشكه‌شكرد، كە بووه‌ جێگای دڵخۆشی ئامادەبووان و چالاکییەکان بەردەوام بوون.
Top