لەژێرناونیشانی چۆنیەتی گەلالەکردن و پەسند کردنی یاساکان لەپەرلەمانی کوردستان سمینارێک بۆقوتابیانی زانکۆ بەرێوەچوو

لەژێرناونیشانی چۆنیەتی گەلالەکردن و پەسند کردنی یاساکان لەپەرلەمانی کوردستان سمینارێک بۆقوتابیانی زانکۆ بەرێوەچوو

١٠ پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی کوردستان دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشکەش بکەن
پ.ی.د. ھیمداد عەبدولقەھار محەممەد، راگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و م. سامان ئەحمەدیاریدەدەری راگر و م. نەھرۆ محەممەد سەرۆکی لێژنەی رۆشنبیری کۆلیژ و م. فەرھاد خالید ئەندامی لێژنەکە، پێشوازیانکرد لە دکتۆر.عوسمان عەلی وەیسی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان. د.عوسمان عەلی، لە ھۆڵی پەری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی، سیمینارێکی لەبارەی "چۆنیەتی گەڵاڵەکردن و پەسەندکردنی یاساکان لە پەرلەمانی کوردستان" پێشکەش کرد، بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی کۆلێژ. کۆڕگێڕ لەسەرەتادا، وەک دەروازیەک بۆ چوونە نێو باسەکە، پێناسایەکی یاسای کرد و شیکردنەوەی بۆ ئەنجامدا، ھەروەھا باسی لەوەکرد لە دەرکردنی یاساکان دا دەبێ رەچاوی رەوشی ئەو وڵات و ھەرێمە بکرێت، کە یاساکەی بۆ دەردەچێت. ئەو گوتیشی "مەرج نییە ھەموو یاسایەکی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ھەرێمی کوردستان چاک بن و بە پێچەوانەشەوە". لەو بارەوە چەند نمونەیەکی ھێناوە، لەوانە ئەڵمانیا کە یاساکانی ھەرێمێک بۆ ھەرێمێکی دیکە وەک یەک نین ، بەڵکو تایبەتمەندی ھەرێمەکە لە بەرچاو گیراوە. لەبارەی گەڵاڵە کردنی یاساکان، د. عوسمان جەختی لەوەکردوە، لە پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکان ئەولەویەت بۆ حکومەتە، چونکە حکومەت خۆی راستەوخۆ پەیوەندنی لەگەڵ خەڵک ھەیە، ئەو دەزانێ چی پێویستە. ھەروەھا باسی لەوەشکرد، ھەر ١٠ پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی کوردستان دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشکەش بکەن، ھەروەھا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی پسپۆر و شارەزا بەھەمان شێوە بەھەماھەنگی لەسەر لێژنەکانی نێو پەرلەمان، دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشکەش بکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەنجامدانی دوو خوێندنەوە بۆیان، پڕۆژە یاساکان دەخرێنە دەنگدانەوە و پەسەند دەکرێن، دواتر رەوانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەمەبەستی پەسەندکردن، یاخود رەتکردنەوە لە ماوەی دیاری کراودا . دوای پەسەندکردنی یاساکە لە وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوەو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە پاشان ئامادەبوون، بە پرسیار و روونکردنەوە، بابەتەکەیان دەوڵەمەندترکرد و لەلایەن کۆڕگێڕەوە وەڵام و روونکردنەوەیان لەبارەوە درا.
Top