ئەمڕۆ قوتابیانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەم دەكەن

ئەمڕۆ قوتابیانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەم دەكەن
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ 12-4-2014 تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەستپێبكات و تا ڕۆژی 21-4-2014 بەردەوام بێت.



بەگوێرەی زانیاریەكان، ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی پێشوو سیستەمی تاقیكردنەوەی پۆلی دوازدەی ئامادەیی گۆڕاوە بەجۆرێك خوێندن لە دوو وەرز پێكهاتووە و دوای تەواوبوونی هەردوو وەرزەكە ئەنجامی بەشداریكردن و بەشدارینەكردنی خوێندكاران لە تاقیكردنەوەكانی وەزاری دیاری دەكرێت.

بەپێی ڕێنماییەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان ، هەر خوێندكارێكی پۆلی دوازدە لە سێ وانەدا بكەوێت مافی بەشداریكردنی لە ئەزموونی وەزاریدا نابێت.

هەروەها هەر ڕۆژێك ببیتە پشووی فەرمی، تاقیكردنەوەی ئەو ڕۆژە دوادەكەوێت بۆ ڕۆژی دواتر.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ، نەجمەدین عەلی ئاماژەی بەوەكرد كە بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم هەر قوتابیەكی پۆلی دوانزەهەم لەسێ‌ وانە بكەوێت مافی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی وزاری نابێت كە بڕیارە لە ٢٩ی مانگی ئایاری داهاتوودا دەست پێبكات كە هەفتانە تەنها دوو تاقیكردنەوە ئەنجامدەدرێت.
Top