عاشقی كورتە باڵایەكە

عاشقی كورتە باڵایەكە
كچە ئەكتەری لاوی كورد"ڕۆژینی شەریفی" بەشداری لە فیلمی سینەمایی(كلاسیكۆ)دەكات، ئەم فیلمە لە دەرهێنانی (هەڵكەوت مستەفا) یە و ئێستا لە قۆناغی وێنەگرتندایە.

كلاسیكۆ چیرۆكی دوو كورتە باڵا دەگێڕێتەوە كە دەیانەوێت دوو جووت كڵاش بگەیەننە دەستی هەردوو یاریزانی ئەستێرەیی مێسی و ڕۆناڵدۆ.

ڕۆژینی شەریفی لە لێدوانێكی تایبەت بە خەندان ئەوەی راگەیاند" زۆر خۆشحاڵم كە بۆ یەكەمین جارە بەشداری لە فلیمێكی سینەمایی دەكەم كەلە ئاستێكی نێودەوڵەتی بەرهەم دەهێندرێت".

وتیشی:" لەم فلیمەدا ڕۆڵی (گۆنا) بەجەستە دەكەم كە عاشقی كوڕێكی كورتە باڵایە بەناوی (ئالان)".

ڕۆژینی شەریفی باس لەوەشدەكات، كە كلاسیكۆ ئاشنای كردم بە ژیانی كورتەباڵاكان و بەخەونەكانیان و كێشەكانیان، بە جۆرێك كە لە بیریان بردمەوە لە ڕووی جەستەوە جیاوازیمان هەیە.

ئەوەشی خستەروو، كە فلیمی كلاسیكۆ زیاتر لەدووساڵە كاری ئامادەكاری بۆ دەكرێت و لە ناوچەی هەورامان و شاری بەغدا و ئیسپانیا وێنەدەگرێت، لەلایەن كۆمپانیای "هەنێ‌" فلیمی نەرویجی و فلیمی هوسێن بەرهەم دەهێنرێت.

ئەوەشی راگەیاند: بە بەشداری بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و حكومەتی عێراقی فیدراڵ، وا بڕیارە لە كۆتایی ئەم ساڵدا لەسەر پەردەی سینەماكانی جیهان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاو بكرێتەوە.







خەندان
Top