فیلمێکی پووران درەخشەندە لە زانکۆیەکی ئەمەریکا نمایش کرا
ئەو فیلمە رۆژی شەمە ٨ شوبات/ فەبرایەر ٢٠١٤ بە ئامادەبوونی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری فیلمەکە نمایشکرا و دواتر کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا قوتابیانی زانکۆی یو سی ئێل ئەی ئەمەریکا پرسیارەکانی خۆیان سەبارەت بەو فیلمە سینەماییە ئاراستەی درەخشەندە کرد و ئەویش وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە.
ئەم فیلمە تا ئێستا بەشداری لە فێستیڤاڵە نێونەتەوەییەکاندا هەبووە و لە وڵاتانی ئەمەریکا و کەنەدا نمایش کراوە و لە لایەن رۆژنامەی پڕبایەخی ڤرایتی رێزی لێنراوە و بە فیلمێکی بەرز نرخێندراوە.
ئەو فیلمە چیرۆکی منداڵێک بە ناوی شیرین دەگێڕێتەوە کە لە سەردەمی منداڵیدا دەکەوێتە بەر ئازار و دەستدرێژی و بە رادەیەک دوای ئەو رووداوە تووشی ترس و تۆقان دەبێت، تەنانەت لە تەمەنی گەورەساڵیشدا ئەو ترسە لە زەینیدا دەمێنێتەوە. ئێستاشیرین گەورە بووە و لە زەماوەند کردن و پێکهێنانی خێزان نزیک بۆتەوە، کارەساتێک دەخولقێنێت کە ئەو ترسەی ئەو ریشەی لە رووداوەکانی سەردەمی منداڵییەکەیدایە ... .
"بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" تا ئێستا خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین فیلم لە ٣١مین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر لە ئێران لە روانگەی بینەران و خەڵاتی باشترین فیلمی لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە ئێرانییەکانی لەندەن بەدەستهێناوە.