لە کرماشان کۆنسێرتی گرووپی رەستاک بەڕێوەچوو

لە کرماشان کۆنسێرتی گرووپی رەستاک بەڕێوەچوو
گرووپی موزیکی رەستاک کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیک بە دەنگی گۆرانیبێژانی کرماشانی بێهزاد و فەرزاد مرادی، لە شاری کرماشان سازکرد.



گرووپەكە لە دوایین چالاکی هونەریی خۆیدا کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیکی کوردی شەوانی ٦ و ٧ی شوبات/ فەبرایەر ٢٠١٤، لە تەلاری ئینتزار لە شاری کرماشان پێشکەش کرد.



لەو کۆنسێرتەدا هەڵبژاردەیەک لە گۆرانی و پارچە موزیکەکانی ئەلبوومەکانی ئەم گرووپە بە سەرپەرشتیاری سیامەک سپێهری و بە دەنگی گۆرانیبێژانی کرماشانی فەرزاد مرادی و بێهزاد مرادی پێشکەش کرا.



ئەندامانی گروپی موزیکی رەستاک بریتین لە: فەرزاد مرادی و بێهزاد مرادی ـ گۆرانیبێژ، محەمەد مەزاهیری ژەنیاری کەمانچە، ئەکبەر ئیسماعیل پوور ژەنیاری تار،سارا نادری ژەنیاری دووتار و نەقارە، پیران موهاجر ژەنیاری عوود، نیگار عەزازی ژەنیاری دەف و دایرە، نیما نیک تەبع ژەنیاری دەف و دایرە، ئومید موستەفەوی ژەنیاری تونبەک، دانووش ئەسەدپوور ژەنیاری سەنتوور، مائیدە دووستی ژەنیاری کەمانچە، سیامەک سپێهری ژەنیاری تار،سپێهر سەعادەتی ژەنیاری کۆنترباس، یاوەر ئەحمەدی فەر ژەنیاری دەف و یاسر نەوازەندە ژەنیاری ئامێرە فوودارەکان.



ئەو گروپە دوای سازکردنی گەشتێکی موزیکی لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی ئێران کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیکی کوردی و ناوچەکانی ئێران لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا پێشکەش بە هۆگرانی هونەری موزیک کرد.



لە ئێستادا ئەم گرووپە پرۆڤە بۆ چوارەمین ئەلبوومی خۆیان دەکەن. ئەندامانی گرووپەکە بە دوای هەڵبژاردنی ئەو پارچە موزیکانەوەن کە بڕیار وایە لەم ئەلبوومە نوێیەدا کاری لەسەر بکەن. گرووپی رەستاک لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە شێوازێکی جیاواز کار بۆ دابەشکردنی موزیکی ئەو ئەلبوومە وێنەییە بکات و تایبەت دەبێت بە گۆرانی و موزیکی ناوچەکانی وڵاتی ئێران و وەکوو دوو ئەلبوومەکەی پێشوو وێنەی دەگیرێت.



گرووپی موزیکی رەستاک یەکێکە لە گرووپە چالاکەکانی بواری موزیکی، لە ساڵی ١٩٩٧ لە چوارچێوەی گرووپێکی موزیکی ئەزموونیدا کار و چالاکیی خۆی دەست پێکرد. لە سەرەتای چالاکییەکانی خۆیدا لە ئێران و وڵاتانی ئەوروپا چەندین کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.



گرووپی رەستاک لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سێ ئەلبوومی گۆرانی و موزیکی بە ناوەکانی "هەموو گەلانی"، ئەلبوومی وێنەیی "رەنگە کۆنەکان" و ئەلبومی وێنەیی "سوڕنای نەورۆز"لە وڵاتی ئێران بڵاو کردۆتەوە.
Top