سبەی ئاشتیخوازانی جیھان لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر بەیەکدەگەن

سبەی ئاشتیخوازانی جیھان لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر بەیەکدەگەن
24ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- بەرەبەیانی رۆژی ھەینی داھاتوو ٢٥/١٠/٢٠١٣ چالاکییەکانی سێیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر لە پێناوی ئاشتی، لەلایەن ئەنجومەنی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان (IKNN) بەھاوکاری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەدەچێنت.
یاریزان و ئاشتیخوازانی چەندین وڵاتی جیھانی بەشداری لەم ماراسۆنە دەکەن و تائێستا نزیکەی ٧٠٠ کەس لە وڵاتە جیاجیاکانی جیھانەوە، ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و کەنەداو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا و لوبنان و میسڕ ، لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەفریقی و ئەوروپی و ناوچەکانی تری جیھان.
لەم بارەیەوە کاکە ئەحمەد جەمیل جێگری رێکخەری گشتی ماراسۆنەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: ئەنجامدانی ئەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییە لە ھەولێر، ھێمایە بۆ رەتکردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر و بەرقەرارکردنی ئاشتی و لێبووردەیی و ھاوژیانی ئاشتیانە لە ھەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکانی تری عێراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بەگشتی، ھەروەھا پەیامێکیشە لە پێناوی بڵاوکردنەوەی ئاشتی و لێبووردەیی و خۆشەویستی.
ھەروەھا سوپاسی پارێزگای ھەولێر و بەتایبەتی تاھیر عەبدولڵا جێگری پارێزگاری کرد، بەھۆی ھەوڵ کۆششەکانی بۆ سەرخستنی ئەم بۆنە نێودەوڵەتییە گرنگە لە ھەولێر، پایتەختی لێبووردەیی و ھاوژیانی و ئاشتی، ھەروەھا سوپاسی سەرجەم ئەو لایەن و کەسایەتیانەی کرد کە ھەوڵ دەدەن بۆ سەرخستنی ماراسۆنەکە، بەتایبەتیش ناوبژیوانان و چاودێران و راگەیاندنکاران و رۆژنامەنووسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گشت لایەنە حکومییەکان و سپۆنسەرانی ئەم ماراسۆنە بەتایبەتی کۆمپانیای (SAMSUNG) و (ئاوی رۆڤیان) و(PEPSI COLA) و (GLITTER ئەدڤەرتایزینگ) و (کۆمپانیای SABIS ی پەروەردەیی) .
ھیواشی خواست زۆرترین رێژەی ھاووڵاتیان و ئاشتیخوازانی جیھان بەشداری لەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییەدا بکەن، کە دەبێتە پێناسەیەکیش بۆ ھەولێر وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠١٤
ئەمەو چەند مانگێک لەمەوبەر دەزگای \"Association of International Marathons and Distance Races\""ی جیھانی بەرەسمی دانی بە ماراسۆنی ھەولێر ناوە وەک یەکێک لە ماراسۆنە نێودەوڵەتییەکانی جیھان، لە کاتێکدا ھێشتا ھەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە نەیانتوانیوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن.
شایانی باسە رێکخەری گشتی ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر عەبدولستار عیسمەت رۆلێکی سەرەکی ھەبوو بە پشتیوانی رێکخراوە مەدەنییە ئیتاڵیەکان ، ماراسۆنی ھەولێر لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی تۆماربکات و ناوی بچێتە نێو بۆنە وەرزشییە جیھانییەکان."
Top