لە مەریوان هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام دەستی پێکرد

لە مەریوان هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام دەستی پێکرد
5ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام، بە بەشداریی شانۆکارانی هەرێمی کوردستان و ئێران لە شاری مەریوان دەستی پێکرد.

بە ئامادەبوونی سێ گرووپی شانۆی سەرشەقام لە وڵاتانی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا، ٢٧ گرووپی شانۆی سەرشەقام لە ١٣ پارێزگای وڵاتی ئێران، لەوانە حەوت شانۆگەریی منداڵان و مێرمنداڵان، ١٣ شانۆگەری لە بەشی سەربەست، پێنج شانۆگەری دابونەریتە رەسەنەکان و دوو شانۆگەری لە بەشی تایبەتدا، خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام دەستی بە کارەکانی کرد.

لە بەشی نێونەتەوەیی ئەم فێستیڤاڵەدا شانۆگەری \"مردنی دووبارە\"" لە دەرهێنانی سەربەست میرزا بەرهەمی گروپی شانۆکارانی شاری هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان و شانۆگەری \""دەنگی وەتەن\"" لە شاری بابلی عێراق و شانۆگەری \""پەیکەرە زیندووەکان\"" لە دەرهێنانی ئاونور کایا لە شاری ئانکارای وڵاتی تورکیا بەشداریی دەکەن.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی فەرمیی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، کەرنەڤاڵی ئەم فێستیڤاڵە کە پێکهاتبوو لە سەرجەم گرووپەکان و هونەرمەندانی بەشداربووی فێستیڤاڵ بە جلوبەرگی رەسەن و خۆماڵی و کەلوپەلەکانی شانۆگەرییەکەی خۆیان لە چواررێیانی شەبرەنگ بەرەو پارکی میللەت بەڕێکەوت و بە رێپێوان و پێشکەشکردنی هونەری موزیک و هەڵپەرکێی کوردی و سەما و دابونەریتەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران کردنەوەی فێستیڤاڵ بە فەرمی راگەیەندرا کە لە لایەن خەڵکی هونەردۆستی مەریوانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

دواتر رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی کارگێڕانی فێستیڤاڵ و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان و ناوچەی مەریوان لە پارکی میللەتی مەریوان بەردەوام بوو.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا گرووپی موزیکی خاک کە پێکهاتبوو لە فەرهاد نادری ـ گۆرانیبێژی سیاچەمانە، شاهۆ بەهرامی ـ ژەنیاری تونبەک، محەمەد روویی ـ ژەنیاری دەف و کاوە داوەری ـ سەرپەرشتیاری گرووپ و ژەنیاری شمشاڵ بەرنامەیەکی گۆرانی و موزیکی کوردیی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا هەشت کەس وەکوو نوێنەری ئاشتی و تەبایی و دۆستایەتی کە بریتی بوون لە؛ مەهدی مورادی، کوروش ئەحمەدی، موختار محەمەدی، حامید زارعیان، محەمەد حوسێن ئەسنا عەشەری، سەلاح حەسەنی، مەهدی حەبیبی و مێدریک قادری کە پێشکەش بە عەبدوڵڵا کاکەیی کرد، بە رێژەی هەشت کۆتریان وەکوو هێمای ئاشتی و تەبایی لە ئاسمانی مەریواندا هەڵفڕاند.

لە بەشی کۆتایی ئەم رێوڕەسمەدا شانۆگەریی \""سەمفۆنیای ریشەکان\"" بەرهەمی گروپی شانۆی رۆژی مەریوان و لە دەرهێنانی شانۆکاری مەریوانی سۆران حوسێنی پێشکەش کرا کە بە پارێزەران و چوار شەهیدی پاراستنی ژینگەی ناوچەی مەریوان پێشکەش کرا.

ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بریتین لە؛ شانۆکاری ناوداری ئێران و کوردستان دکتۆر قوتبەدین سادقی، ئەردەشیر ساڵح پوور و حوسێن موسافیر ئاستانە کە بەرهەمەکانی بەشی پێشبرکێ دادوەریی دەکەن.

ئەمساڵ بە رێژەی ٢٦٥ گرووپی شانۆی سەرشەقام بەرهەمەکانی خۆیان بۆ نووسینگەی ئەو فێستیڤاڵە نارد کە لە دوای لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان بە رێژەی ٣٠ شانۆگەریی بۆ بەشداریی لە قۆناغی کۆتایی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام هەڵبژێردرا.

لەم فێستیڤاڵەدا ١٨ گرووپی هەڵبژاردەی شانۆی سەرشەقامی سەرتاسەری ئێران لە بەشی رکابەری و نۆ گرووپ لە بەشی دەرەوەی رکابەریی ناوخۆی ئێران و سێ گرووپی بیانی بەشداریی دەکەن.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا لە بەشی فێرکاری و زانستیی ئەم رووداوە هونەرییەدا چەندین وۆرکشۆپ و خول و وانەی فێرکاریی شانۆی سەرشەقام بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و مامۆستایانی شانۆ لەوانە دکتۆر قوتبەدین سادقی و مەنووچێهر ئەکبەرلوو و ئینتیفام سوڵتان وانەبێژی خەڵکی وڵاتی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام بە ئامادەبوونی ٣٠٠ شانۆکار بو ماوەی چوار رۆژ لە شارستانی مەریوان بەڕێوەدەچێت کە ئەمساڵ لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵدا ٢٦ شانۆگەری، لە رۆژی دووەمدا ٢٩ شانۆگەری و لە رۆژی سێهەمدا ٣١ شانۆگەری پێشکەش بە بینەران و هۆگرانی هونەری شانۆ دەکرێت.

شاری مەریوان بە فەرمی وەکوو پایتەختی شانۆی سەرشەقامی ئێران ناسراوە و لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەدا بە رێژەی ٨٦ شانۆگەریی لە ١٠ شوێنی جیاجیای شارستانی مەریوان، لەوانە سەرشەقام، گۆڕەپان، پارک، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی ناو شاری مەریوان و لە شوێنی سەیرانگای دەوروبەری لێوارەکانی دەریاچەی زرێبار و لە گوندەکانی نێ و کانی دینار پێشکەش دەکرێت.

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە گەورەترین رووداوی فەرهەنگیی پارێزگای کوردستان دێتە ئەژماردن و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا حەوتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە هونەرییە بە سەرکەوتوویی لە شاری سەرسنووری مەریوان بەڕێوەچووە."
Top