زانکۆی سەلاحەدین خەڵاتی ساڵانەی زانکۆ ھەرێمیەکان لە ئۆکسفۆر وەردەگرێت

زانکۆی سەلاحەدین خەڵاتی ساڵانەی زانکۆ ھەرێمیەکان لە ئۆکسفۆر وەردەگرێت
28ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: لە رۆژانی ١٦ تا ١٩/١٢/٢٠١٣ کۆمەڵەی بازرگانی ئەوروپی(Europe Business Assembly) لە ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا لە کۆنفڕانسی گەورەترین خەڵاتی لوتکەی سەرکردەیی لە بواری پەروەردەوفێرکردنی باڵادا خەڵاتی باشترین زانکۆی ھەرێمی دەدات بە زانکۆی سەڵاحەددین، لە بەرامبەر سەرکەوتن و کارە زانستی و پەروەردەییەکانی زانکۆی سەلاحەدین کە تیایدا گەورە بەرپرسانی خوێندنی باڵای ئەوروپا و ئاسیاو سەرۆک زانکۆ جیھانیەکان ئامادەی دەبن، لە کۆنفڕانسەکەدا باس لە روانگە نوێیەکانی فێرکردنی باڵا و میتۆدو ئامرازەکانی فێرکردنی ھاوچەرخ و خستنەڕووی پێشکەوتنە زانستیەکان و تێکەڵکردنی بە چارەسەرییە نوێیەکان دەکرێت، ھاوکات قسە لەسەر ھاوکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی فێرکردن و زانستی دەکرێت، دواتر لە مەڕسیمێکدا کە بە گەورەترین ئاھەنگی لوتکەی ساڵانەی سوقرات ناسراوە لە ئۆکسفۆرد خەڵات بەو کەسایەتی و دەزگا زانستیانە دەدرێت لە ماوەی ساڵێکدا رۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە بواری بەڕێوەبردن و پەروەردە زانست و فێرکردن و ئابوری لە زانکۆی سەلاحەدین.

شیاوی باسە کۆمەڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی کۆمپانیایەکی ناحکومی سەربەخۆیە ئامانجی پێشخستنی ھاوکاری ئابوری و کۆمەڵایەتی مرۆییە، ھەروەھا بایەخ بە ئەزمونی ئەو دەوڵەتانە دەدات لە بواری ھونەرو ئابوری و بەستین پەیوەندی ئابوری و فێرکردن و رۆشنبیری و زانستی و دروستکردنی دەستەبژێری پیاوانی کاری نیشتیمانی و ھێنانە کایەی وێنەیەکی جوانی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو ئەوروپاو چەندین وڵاتی دیکە.
Top