پایتەخت ، کۆبوونەوەیەک بۆ پێدانی زانیاری بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو

پایتەخت ، کۆبوونەوەیەک بۆ  پێدانی زانیاری بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو
18ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر ھەبوونی زۆرترین ژمارەی چاودێری نێودەوڵەتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چۆنیەتی کارکردنی ئەم چاودێرانە لە رۆژی دەنکدان، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ پێدانی زانیاری بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی لە نێوان حکومەت و کۆمیسیۆن و ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ھۆڵی ھۆتێلی ڕۆتانا ھەولێر بەڕێوەچوو .

ڕۆڵی ھێزە ئەمنیەکان لەپاراستنی چاودێران

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن وێڕای نیشاندانی سوپاسگوزاری بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزە ئەمنیەکان بۆ ھاوکاریکردنی کۆمیسیۆن لەڕووی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و بنکەکانی ژماردن و گواستنەوەی فۆرمی ئەنجامەکان لەنێوان ھەولێر وبەغدا و دووپاتیشیکردەوە لیژنەی ئەمنی پارێزگا ھیچ کاتێک درێغی لە رۆڵی خۆی نەکردووە و ئەمجارەش ئاسانکاری زۆری بۆ تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتی فەراھەم کردووە. سەرۆکی کۆمیسیۆن تیشکی خستەسەر رۆڵی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە بواری ھەڵبژاردندا بەتایبەتی لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە کاتێکی ھەستیاری سیاسیدا ئەنجامدەدرێت و داواشیکرد لە راپۆرتەکانیاندا بەھیچ شێوەیەک موجامەلەی ھیچ کەسێک نەکەن و راستیەکان وەکو خۆی باس بکەن و ئاماژەی بەوەشدا راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان بەشێوەیەکی ئیجابیانە باس لە رۆڵی کۆمیسیۆن دەکەن .
Top