لە رێورەسمێکدا لە سلێمانی تەرمی عومەری مەکتەبە، بەخاک سپێردرا

لە رێورەسمێکدا لە سلێمانی تەرمی عومەری مەکتەبە، بەخاک سپێردرا
13 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا، بە ئامادەبوونی پارێزگار و قائیمقامیەتی سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری لایەنە سیاسیەکان، تەرمی کەسایەتی شاری سلێمانی عومەر عەبدولڕەحمان ناسراو بە \"عومەری مەکتەبە\"" بەخاک سپێردرا.

لەو رێورەسمەدا چەند وتارێک پێشکەش کران، لەوانە وتاری پارێزگاری سلێمانی و وتاری هەریەک لە دۆست و هاوڕێیانی کۆچکردوو، لە کۆتایشدا وتاری بنەماڵە لەلایەن کوڕی کۆچ کردووە خوێندرایەوە.

لە وتارەکەدا ئومێد عەبدولڕەحمان، سوپاسی سەرجەم دەزگا راگەیاندن و حیزب و لایەنە سیاسی و سەرجەم کەسایەتییەکانی کوردستانی کرد، لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، کە هەمیشە لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی هەواڵێکی دڵخۆشکەریان لەسەر عومەری مەکتەبە دەست بکەوێت.

لە کۆتاییدا تاجە گوڵینەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی سلێمانی، لەسەر گۆڕی کۆچکردوو دانرا.

عومەر عەبدولرەحمان لە دایکبووی ساڵی ١٩٤٢ـە، لە ساڵی ١٩٦٨ کتێبخانەی سلێمانی کردۆتەوە، جگە لە کتێبخانەکەی پیشەی دیکەی نەبووە، کۆچکردوو کەسایەتییەکی‌ دیاری‌ شاری‌ سلێمانی بوو پاش ئەوەی‌ لە رۆژی‌ 4 ئاب/ ئۆگۆست 2012، چۆتە دەرەوە ‌و نەگەڕاوەتە ماڵەوە ‌و لەو رۆژەوە دیار نەماوە، پۆلیسی‌ وڵاتی‌ سویدیش پێنج رۆژی‌ دیاری‌ کرد بۆ گەڕان بە دوایدا، بەڵام بێ‌ سود بوو، لەو کاتەشەوە کەسوکار ‌و دۆستانیشی‌ بە چەندین گرووپ ‌و شێوازی‌ جیاواز بەدوایدا گەڕاون لەو وڵاتەدا، بەڵام نەدۆزراوەتە، تا ئێستاش هۆکاری‌ دیارنەمانەکەی‌ نەزانراوە.

دواجار رۆژی 3ـی ئەم مانگە راوچییەک لە وڵاتی‌ سوید تەرمێک دەدۆزێتەوە، کەسوکاری‌ عومەری‌ مەکتەبە گومان دەکەن ئەو تەرمە هی ئەو بێت، هەر بۆیە پۆلیسی‌ ئەو وڵاتە ‌کەوتنە لێکۆلێنەوە لە تەرمەکە و تاکو دواجار دەرکەوت کە ئەو تەرمەی دۆزرایەوە عومەری مەکتە بووە و بەجەڵدەی دەماخ گیانی لە دەست داوە."
Top