کەریمۆک نوێترین کتێبی خۆی بڵاودەکاتەوە

کەریمۆک نوێترین کتێبی خۆی بڵاودەکاتەوە
12ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- رۆژنامەنووس و سینەماکار کەریمۆک، نوێترین کتێبی خۆی بەناونیشانی \"وشە و ویژدان، لە ماڵی هەتاودا\"" ئامادەی چاپکردووە و بەم نزیکانە بڵاودەبێتەوە.

ئەم کتێبە لە 175 لاپەڕەی قەبارە ناوەندا و بە تیراژی 1000 دانە، لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (593)ـی وەرگرتووە و کاری دیزاینی ناوەوە و بەرگی لە لایەن سوهەیل سوخەنپەژوو کراوە.

ئەم بابەت و ستونانەی دووتوێی ئەم کتێبە لە نێوان ساڵانی (١٩٩٤-٢٠٠٣) نووسراون و لەم ڕۆژنامە و گۆڤارانەدا بڵاوکراونەتەوە، لەوانە (سپێدە، ئاڵای ئازادی، ئەمڕۆ، شەقام، کوردستان راپۆرت، کوردستانی نوێ، بەهرە، پەیامی کۆمۆنیزم، هەرێمی کوردستان، پێگە، زایەڵە، پیرەر، رێگای کوردستان، دیدگا، بەدرخان و ڕێبازی ئازادی..).

نووسەر لە پێشکەی ئەم کتێبەی دا دەڵێت: بڵاوکردنەوەی ئەم نووسین و بابەتانەی دووتوێی ئەم کتێبە کە هەندێکیان دەمێ ساڵە نووسراون، بۆ ئەمڕۆی پڕ لە فەوزا و بەرژەوەندخوازی لە لایەک و لە تەمومژدا ونبوونی بەهای نووسین لەلایەکی تردا، چ مانایەکی هەیە؟

ئەگەر نووسین هەڵوێست و دونیابینی بێت، ئەوە منیش پێمخۆشە هەڵوێستەکانم کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ڕۆژنامەگەری دەرم بڕیون بەرچاوانبن، دەمەوێت بڵێم لە ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆدا ئاوا بیرم دەکردەوە، ئاوا ئایندەم دەخوێندەوە، نە قەڵەمم بۆ کەس بادا، نە بۆ کەس کردم سەما، بێگومان هیچ هەڵوێستێ بێ باجدان نابێ، گرنگە کە ویژدان ئاسوودە بێ.

لە رۆژگارێکدا کە چەند رۆژنامەیەکی حیزبی و ئەهلی و ئێمە (سپێدە) لە ئارادابووین رۆژگارێک کە هێشتا پایەکانی رەخنە و ئازادی رادەربڕین لە نێوەندی ڕۆژنامەوانی کوردیدا سنوردار بوو، ئەم ستوونانە نووسران، کە بەداخەوە ئێستاش بەشێک لەو رەوشە خراپەی ئاماژەی پێدراوە بەردەوامی هەیە، گەندەڵی و مشەخۆری و دەستەمۆیی برەوی هەیە، ئێستاش ئاشتی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان جێگر و تەندروست نییە...!.

بۆ من بڵاوکردنەوەی ئەم ستوونە رۆژنامەنووسیانە لەتەک بەمێژووکردنی رووداوەکان و خستنەڕووی دیدوتێڕوانینێک مایەی چێژبەخشینە، کە ئومێدەوارم تۆی خوێنەرم ماندوو نەکردبێ و ئەم هەستەم پێ بەخشی بیت.

كەریمۆك لە دایكبووی ساڵی 1972 لە هەولێر، بكالۆریۆسی لە دەرهێنانی سینەمایی هەیە لە ساڵی 2009، لە چەنددین بەرهەمی شانۆیی دا وەک دەرهێنەر و ئەکتەر کاری کردووە، جگە لە دەرهێنانی چەند کورتە فیلمێک و کارکردنی لە چەند بوارێکی دیکەی سینەما.

وەک سەرنووسەر و نووسەرێک لە زۆرێک لە بڵاوکراوە کوردییەکان کاری کردووە، لەوانە سەرنووسەری گۆڤاری \""فیلم\"" بووە و ئەم بەرهەمانە تا ئێستا بە چاپ گەیاندووە، \""لێت نەشێوێ خودە خودا نییە\""، \""ناخی وێنە\""، \""هەر بەسەر پێیانەوە\"" و \""سەفەرە ماسۆشیەكان\""."
Top