یەكێتی زانایان: مەلا مەزهەر سزا نەدراوە و جێی دەستخۆشیە

یەكێتی زانایان: مەلا مەزهەر سزا نەدراوە و جێی دەستخۆشیە
28ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە گوایە مەلا مەزهەر خوراسانی سزا دراوە و دەڵێن ئەو بەڕێزە شایستەی رێزگرتنە. ئەمەی خوارەوە دەقی هەواڵەكەیە:

بە پێی هەواڵێك، كە له چەند ماڵپەڕێكی ئەنتەرنێت بڵاوكراوەتەوە، وا پیشاندراوە، كە مامۆستا مەلا مەزهەر خوراسانی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە سزا درابێت، هەر چەندە لە سەرەتاوە ویستراوە بە شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ هەواڵەكە بكرێت، بەڵام دواتر بەرەو ئاقاری ئەوەیان بردووە، گوایە بەهۆی وتارەكانییەوە سزا درا بێت‌و لە وتارەكانی راگیرا بێت.


بەڵام لەگەڵ رێزی تەواومان بۆ ئەم ماڵپەڕە بەڕێزانە، هەواڵی راگیرانەكە هیچ پەیوەندی بەم بابەتانەوە نییە، بە پێچەوانەوە ئەوەی كراوە، راگرتن نەبووە، بەڵكو كۆمەڵێك لەو مامۆستایانەی ئێستا لە خوێندن وەرگیراون‌و لە وڵاتانی دەرەوە دەخوێنن، تا ئێستاش لە پیشەی وتاربێژی بەردوامن، ئەمەش وەك كارێكی خۆبەخشی‌و بە مەبەستی دروستنەبوونی بۆشایی لە شوێنەكانیان‌و، بە رەزامەندی وەزارەتی ئەوقافە، بۆیە لە بەرامبەر ئەم كارە پیرۆزە خۆبەخشانە پێویستە دەستخۆشیان لێ بكرێت، نەك بە سەرپێچی یاسایی ناوزەد بكرێن، ئێستاش ئەو مامۆستایە وێڕای ئەوەی خۆبەخشانە ئەم كارەی بەڕێوە دەبرد، بە سینگی فرانی خۆیەوە لە كاری وتاربێژی راوەستاوە، بەڵگەشمان بوونی كۆمەڵێك مامۆستای دیكەیە، كە هیچ پەیوەندیان بە وتارەكانی پەیوەست بە رێكخراوەكانەوە نییە، كەچی وتاری هەینیش ناخوێننەوە، چونكە لە مۆڵەتدان، بۆیە نەدەبوو ئەم باسە وەكو سزادان‌و تۆڵەسەندنەوە بڵاوبكرێتەوە‌و لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆی بچێتە دەرەوە، دڵنیاین وەزارەتی ئەوقافیش هیچ كاتێك بە گیانی تۆڵەسەندنەوە مامەڵە ناكات. بەپێچەوانەوە ناونانی جێبەجێكردنی ئەم یاسایەی وەزارەتی ئەوقاف بە سزادان خۆی لە خۆیدا كەمكردنەوەیە لە خودی یاسایەكە.


پێویستە هەموو چین‌و توێژەكانی كوردستانیش بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەك بكەن، ئەوەی لە كۆتایی سەردەكەوێت رێز‌و خۆشەویستی‌و پێكەوەژیانە.



مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

28/4/2013
Top