له تاران پێشانگایه‌كی خۆشنووسی كرایه‌وه
ئه‌م پێشانگایه كه 90 به‌رهه‌می هونه‌ریی خوشنووسی كورد محه‌مه‌دئه‌مین بێ‌نیاز و خوشنووسی فارس حوسێن نووریانی له خۆگرتووه، به هاوكاری ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی ئێران و رێكخراوه‌ی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ریی شاره‌وانی تاران بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته له فه‌رهه‌نگسه‌رای سه‌رو له شاری تارانی پایته‌ختی ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌ر دوو خۆشنووس تابلۆكانی ئه‌و پێشانگایه‌یان له به‌شه جۆراوجۆره‌كانی هونه‌ری خۆشنووسی له‌وانه به خه‌تی نه‌سته‌علیق، سولس، شكسته، روقعه و دیوانی نووسیوه و بابه‌ت و ناوه‌رۆكی به‌رهه‌مه‌كان ئایه‌ته‌كانی قورئان و هه‌ڵبه‌ستی شاعیرانی ناوداری كلاسیك و نوێی كوردستان و ئێران و رسته‌ی جوان و به‌پێزی كه‌لتووری و ئه‌دبییه.
ئه‌و پێشانگایه به مه‌به‌ستی ناساندنی هونه‌ری خۆشنووسی و جوانییه‌كانی ئه‌و هونه‌ره ره‌نگینه به لاوان و نه‌وه‌ی ئێستا و بارهێنانی به‌هره‌گه‌لی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و گواستنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌كانی هونه‌ری خۆشنووسی به چین و توێژه جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه ده‌چێت.
پێشانگاكه هه‌موو رۆژێك له كاتژمێر 9ی سه‌رله‌به‌یانی تا 7ی ئێواره له شوێنی فه‌رهه‌گسه‌رای سه‌رو له شه‌قامی وه‌لیعه‌سر، كراوه‌ته‌وه و میوانداریی له بینه‌ران و هۆگرانی هونه‌ری خۆشنووسی ده‌كات.
محه‌مه‌دئه‌مین بێ‌نیاز، له ساڵی 1973 له شاری سه‌قز هاتۆته دنیا. له ساڵی 1989 فێربوونی هونه‌ری خۆشنووسی ده‌ست پێكرد و له ساڵی 1992 له خولی نایابی ته‌واو كرد و ئینجا له لای ئه‌میرئه‌حمه‌د فه‌لسه‌فی و دواتر له لای غوڵام‌حوسێن ئه‌میرخانی، فێری قۆناغه باڵاكانی هونه‌ری خۆشنووسی بوو.
ساڵی 2008 بڕوانامه‌ی مامۆستایه‌تی له خه‌تی نه‌سته‌علیقدا به‌ده‌ستهێنا. له فێستیڤاڵه هونه‌رییه‌كان نزیكه‌ی 20 جار ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ناوبژیوان بووه. خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسییه و وه‌ك گه‌نجترین مامۆستای خۆشنووسی له وڵاتی ئێران ناسراوه و له چه‌ندین پێشبڕكێ و له زیاتر له 200 فێستیڤاڵی هونه‌ری خۆسنووسی به‌شداری كردووه و پله‌ی یه‌كه‌م و خه‌ڵاتی گرینگی به‌ده‌ستهێناوه.
بێ‌نیاز، له ماوه‌ی ساڵانی كار و چالاكی خۆی له بواری خۆشنووسیدا زیاتر له 62 پێشانگای تایبه‌تی له شاره‌كانی كوردستان و ئێران و جیهان كردۆته‌وه و له زیاتر له 500 پێشانگای هاوبه‌شدا به‌شداری كردووه و به رێژه‌ی 15000 به‌رهه‌می به خه‌تی خۆی نووسیوه و سێ جار قورئانی پیرۆزی به ته‌واوه‌تی نووسیوه كه 2 جاری به خه‌تی نه‌سخ و 1 جار به خه‌تی نه‌سته‌علیق بووه. هه‌روه‌ها چه‌ندین كتێبی به خه‌تی خۆش نووسیوه، له‌وانه: چوارێنه‌كانی خه‌یام، چوارێنه‌كانی وه‌حشی بافقی، ته‌رجیع به‌ندی خواجوی كرمانی، هه‌ڵبژارده‌ی غه‌زه‌له‌كانی شه‌مسی ته‌بریزی، ته‌رجیع به‌ندی هاتفی ئیسفه‌هانی.
ئه‌و خۆشنووسه كورده ساڵی پار دوو پێشانگای خۆشنووسی له شاره‌كانی دوبه‌ی و مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه. ئێستاكه مامۆستا و وانه‌بێژی خۆشنووسییه و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی كارای ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی وڵاتی ئێران و ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی حه‌وزه‌ی \"ئێكۆ\"" و خزمه‌تكاری نموونه‌ی قورئان له پارێزگای كوردستان و به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی شارستانی سه‌قزه و تا ئێستا زیاتر له 130 كه‌س له قوتابییه‌كانی له خولی نایابی و 23 كه‌س له خولی سه‌روی نایاب ده‌رچوون."