پشكنینێكی نوێ بۆ زوو دەستنیشانكردنی شێرپەنجە

پشكنینێكی نوێ بۆ زوو دەستنیشانكردنی شێرپەنجە
توێژەرانی بەریتانی دەڵێن پشكنینێكی نوێ دەتوانێ شێرپەنجە دەربخات بەرلەوەی كەسی تووشبوو هەست بە هیچ نیشانەیەك بكات، ئەوەش دەتوانێ ژیانی هەزاران كەس بپارێزێ.

دۆزینەوە نوێیەكە لە فێستیڤاڵی زانستی بەریتانیا لە شاری سوانزی ناوچەی وێڵز ئاشكرا كرا و رۆژنامەی ئینیدیپێندنتی بەریتانی رۆژی سێشەممە 6 ی سێپتەمبەر بڵاویكردەوە.


هاوشێوەی ئامێری دەرخستنی ئاگركەوتنەوە

توێژەرەكان گوتیان شێوەی كاركردنی پشكنینە نوێیەكە هاوشێوەی ئامێری دەرخستنی ئاگركەوتنەوەیە. "ئەم پشكنینە دەكرێ بچووێندرێ بە ئامێری دەرخستنی ئاگركەوتنەوە، چونكە ئەو ئامێرەش خودی ئاگرەكە دەرناخات، بەڵكوو دوكەڵەكەی دەناسێتەوە" ئەوە گوتەی پرۆفیسۆر گارێس جینكینز-ە كە سەرۆكی تیمی توێژینەوەكەیە.

وەك دەزانین ئامێری دەرخستنی ئاگركەوتنەوە هەركاتێك دووكەڵی بەربكەوێ هاواردەكات، ماوەیەكی زۆر بەرلەوەی ئاگرەكەی بەربكەوێ، ئامێری پشكنینەكەش هەر نیشانە سەرەتاییەكانی شێرپەنجەی بەسەر خانەكانی جەستەوە بینی، هۆشداری دەدات لەوەی كەسەكە ئیگەری زۆرە لە قۆناخێكی سەرەتایی تووشبوون بێ بە شێرپەنجە، بەرلەوەی خودی كەسەكە هەست بە هیچ نیشانەیەكی جەستەیی بكات.

بۆچی ئەم دۆزینەوەیە بە خاڵی وەرچەرخان دادەندرێ؟


ژمارەیەكی زۆری شێرپەنجەكان ئەگەر زوو دەستنیشان بكرێن، ئەوە چارەسەریان سەخت نییە. بەڵام گرفتەكە ئەوەیە تاكو نەگەنە قۆناخێكی پێشكەوتوو، هیچ نیشانەیەكی ئەوتۆ درووستناكەن، بەوجۆرە نەخۆشییەكە لە جەستەدا لە پێشكەوتندایە و كەسەكە هەستناكات.

كاتێك شێرپەنجەكە لە جێگەی خۆیدایە و بڵاونەبووەتەوە، زۆركات بە نەشتەرگەری یان رێگەچارەكانی دیكە سەركوت یان تەنانەت بنەبڕ دەكرێ، بەڵام كاتێك بۆ بەشەكانی دیكەی جەستە بڵاوبووەوە، ئیدی چارەسەری ئاستەم دەبێ.

"دوكەڵی شێرپەنجە" چۆن دەستنیشان دەبێ؟

بازدانی بۆماوەیی پەیوەندی هەیە بە تووشبوون بە شێرپەنجەوە. بەجۆرێك ئەو كەسانەی ژمارەیەكی دیاریكراو لە ئاماژەی بازدانی بۆماوەیی لەسەر خرۆكە سوورەكانی خوێنیان هەیە، زۆرترین ئەگەری هەیە تووشی شێرپەنجە بووبن، تەنانەت ئەگەر هەست بە هیچ نیشانەیەكی جەستەییش نەكەن.

لە كەسی ئاساییدا راددەی بازدانی بۆماوەیی لە پرۆتینەكانی سەر رووكاری خرۆكە سوورەكانیان 5 دانەیە بۆ هەر ملیۆنێك، بەڵام لە شێرپەنجەدا ئەو راددەیە دەگاتە 50.

كاری ئامرازە نوێیەكەی پشكنین ئەوەیە دەستنیشانی بكات كە راددەی بازدانی بۆماوەیی لە خانەكانی كەسە پشكندراوەكەدا چەندە و بەوەش دەریبخات تاكو چەند لە مەترسیدایە شێرپەنجەی هەبێ.

بە گوتە پشكنەران لەڕووی تێچوونیشەوە پشكنینەكە هەرزانە و بۆ هەركەسێك تەنیا نزیكەی 47 دۆلاری تێدەچێ.
Top