یەکەم تەنەکەی زبڵی دەریایی دروستکرا

یەکەم تەنەکەی زبڵی دەریایی دروستکرا
بەرهەمهێنانی یەکەم تەنەکەی زبڵی دەریایی، هیوای بۆ کەمکردنەوەی بەرچاوی پاشەڕۆی دەریاکان دروستکردووە.

ئەو بەرهەمە نوێیە لە راستیدا ئامرازێکە کە دەخرێتە ژێر ئاو و پاشەڕۆی لاستیکی و پاشەڕۆکانی دیکە بۆ ناوخۆی دەکێشێت، بەو ئامانجەی کە دەریاکانی جیهان لە دۆخی نالەباری ئێستایان رزگار بکات.

ئەو تەکنۆلۆژییە لە قۆناخەکانی کۆتایی دروستکردنیدایە و بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە لە 17 وڵاتی جیهان بەکاربهێندرێت.

بیرۆکەی دروستکردنی ئەو تەکنۆلۆژییە لەوەوە سەریهەڵدا کە دوو یاریزانی سەر شەپۆڵەکانی دەریا کە خەڵکی ئۆسترالیان، لە کاتی یاریکردندا بەر کۆمەڵێکی زۆر لە پاشەڕۆ دەکەوتن، ئیدی بڕیاریان دا بۆ کۆکردنەوەی پاشەڕۆکان، ئەو تەنەکە زبڵە بەرهەم بێنن.

ئەو تەکنۆلۆژیە لە کاتێکدا هاتووەتەئاراوە کە بەشێکی بەرچاوی سنوورە ئاوییەکانی دەوروپشی ریۆدۆجانیرۆ کە یارییەکانی ئۆڵەمپی لێ بەڕێوە دەچێت، بە شێوەیەکی بەرچاو بە پاشەڕۆ سەرئاوکەوتووەکان پیس بووە.

ئەو تەنەکە زبڵە پەمپێکی تێدا داندراوە کە پاشەڕۆکان بەرەو لای خۆی دەکێشێت و پاشکەوتیان دەکات، هەروەها دەتوانێت جگە لە پاشەڕۆ پلاستیکییەکان کاخەز و پەڵەکانی نەوتیش کۆ بکاتەوە.

بەپێی تاقیکردنەوەکان، ئەو تەکنۆلۆژییە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ماسییەکانی ناو دەریا نییە و یەکەمجار لە سنوورە ئاوییەکانی فەرەنسادا تاقیکراوەتەوە.




رووداو
Top