قەڵەوی منداڵان روو لە زیادییە

قەڵەوی منداڵان روو لە زیادییە
توێژینەوەیەكى نوێ كە ئەنجامەكەی لە جۆرناڵی زانستی (ئۆبێسیتی) بڵاوبووەتەوە، دەڵێ سەرەڕای هەوڵەكان هێشتا قەڵەوی منداڵان لە ئەمریكا روو لە زیادبوونە.

ئێستا لە ئەمریكا لە هەر 3 كەس كەس یەكێكیان قەڵەون. سەرەڕای ئەوەش كە خەڵكی ئێستا هۆشیارترن لەبارەی مەترسییەكانی قەڵەوی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، كەچی توێژینەوەیەكی نوێ دەریدەخات قەڵەوی روو لە كەمبوونەوە نییە بەتایبەت لە منداڵاندا.

لە 30 ساڵی رابردوودا قەڵەوی منداڵان دوو هێندە و قەڵەوی مێردمنداڵان چوار هێندە زیادیانكردووە. ساڵی 2012 و لە ئەمریكا 18%ی منداڵانی تەمەن 6-11 ساڵ قەڵەوبووون.

هاوكێشەی قەڵەوی سادەیە، یەكێك یان هەردووك لەم دوو خاڵەیە: یەكەم زۆر خواردنی كالۆری، دووەم كەم سووتاندنی كالۆری.

گۆڕینی نەریتی خۆراكیی خەڵكی ئێستا كارێكی ئاسان نییە و پرۆسەیەكی درێژخایەنی دەوێ.

توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی نۆرس كارۆلاینای ئەمریكی، تیشكی زیاتر دەخاتەسەر گرفتی قەڵەوی منداڵان و مژدەی خۆشیشی پێنییە.

توێژینەوە نوێیەكە دەریدەخات قەڵەوی منداڵان و مێڕدمنداڵان لە 1999 تاكو 2014 روو لە زیادییە، بەجۆرێك لە ساڵی 2014 دا و لە ئەمریكا 33.4%ی منداڵانی تەمەن 2-9 ساڵان كێشیان لە ئاسایی زیاتربووە و 17.4% یان قەڵەوبوون.

د.ئاشلی سكینەر، سەرۆكی تیمی توێژەران، بە نیگەرانییەوە لەم ئەنجامە دەڕوانێ و دەڵێ "ئەگەر بەشێوەیەكی دیار و بنەڕەتی هەڵسوكەوتەكانیان راستنەكەینەوە بە ئاراستەیەكی تەندروستانە، منداڵانی قەڵەو ئێستا و داهاتووش لەگەڵ گرفتی گەورەی تەندروستی رووبەڕوو دەبن".

لەبارەی رێگەچارەكانی چارەسەری قەڵەوی منداڵانیشەوە سكینەر دەڵێ "ئەمە گرفتێكی گەورەی خەڵكی ئێستایە، پێویستی بە گۆڕانكاری زۆر بەرفراوانە، هەر لە سیستمی خۆراكییەوە تاكو خزمەتە تەندروستییەكان، بواری پەروەردە و فێركردن، پەروەردەی جەستەیی و كردنە كلتووری پیادەڕەوی لە پارك و شەقامەكان".
Top